ڤیدیۆ.. سەلوان مۆمیکا لە ستۆکهۆڵم هەوڵی سووتاندنی قورئان دەدات

20-07-2023
ڤیدیۆکە لە Swed24 وەرگیراوە
ڤیدیۆکە لە Swed24 وەرگیراوە
نیشانەکردن سوێد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەلوان مۆمیکا، پەنابەری عێراقی لە سوێد لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم هەوڵی سووتاندنی قورئانی پیرۆز، ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدر و عەلی خامنەیی دا، دوای سووکایەتیکردن بە بەشێک لەوانە، نەیسووتاندن و بەردەم باڵیۆزخانەی جێهێشت.
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێش بەڕێکەوتنی بۆ بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم مۆمیکا ڤیدیۆیەکی لە پەڕەی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد "دوای کاژێرێکی دیکە لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق دەبم لە ستۆکهۆڵم، ئاڵای عێراق، قورئان، وێنەی میلیشیاوی موقتەدا سەدر و هەروەها خامنەیی لەبەردەم باڵەخانەی باڵیۆزخانە دەسووتێنم. لێرە لەگەڵمان بن."
 
دوای نیو کاژێر لە پۆستکردنی ڤیدیۆکەی کە ماوەکەی 21 چرکە بوو، ڤیدیۆکە لە پەیجەکەی سڕایەوە، بەڵام دیارنییە کە خۆی سڕیویەتییەوە یان نا. 

خەڵکێکی زۆر لە پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەکان لە هەمان کاتدا لەبەردەم باڵیۆزخانەکە بوون، بەشێکیان قسەیان بە مۆمیکا دەگوت، بەشێکیان هەڕەشەیان لێدەکرد و داوایان دەکرد لەو کارەی کە دەستی داوەپێی پاشگەز ببێتەوە. 

مۆمیکا دوای مانەوەی بۆ زیاتر لە نیو کاژێر لەبەردەم باڵیۆزخانەکە، سووکایەتی بە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق، بەبێ ئەوەی بیان سووتێنێت، بەردەم باڵیۆزخانەکەی جێهێشت. 

هەر لەبەردەم باڵیۆزخانە، مۆمیکا وێنەی خواناس وریای بەرزکردەوە، ئەو گەنجەی لەنێو بازاڕی چەمچەماڵ سێ هەفتە لەمەوبەر کوژرا. سەلوان مۆمیکا ئاماژەی بەوە کرد، لەلایەن گرووپە تووندڕەوەکانەوە کوژراوە. خواناس بەپێی راگەیێندراوی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەسەر جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینی کوژرابوو. مۆمیکا لە پۆستێکیشدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک خواناسی بە "سیمبوولی بیری ئازاد" ناوبردبوو.
 
 
دووکەڵ و پریشکی ئاگری ئەو بڕیارەی سەلوان مۆمیکا گەیشتە بەغدا، لە دوێنێ شەوەوە کاردانەوەکانی بەردەوامن بە جۆرێک کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لایەنگرانی موقتەدا سەدر، هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا و بەشێکیان سووتاند.
 
دوای هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی، "ئەو کارە پەلاماردانی نێردەی دیپلۆماسی و هەڕەشەکردنە لە ئاسایشیان." داواشی کردووە، لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە لە رووداوەکە بکرێت و "بەگوێرەی یاسا بکەرانی ئەو کارە سزا بدرێن."
 
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی سوێد لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا رایگەیاند، "ئەوەی روویداوە بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵکردن نییە و حکومەتیش بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی دەکات."
 
تۆبیاس بیڵسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوێد لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت "بەگوێرەی پەیماننامەی ڤیەننا، بەرپرسیاریێتیی بەرپرسانی عێراقە پارێزگاری لە باڵیۆزخانەکان و دیپلۆماتکارەکانی بکەن."

وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشتر سووتاندنی قورئانی پیرۆزی لەلایەن سەلوان مۆمیکاوە سەرکۆنە کردبوو، بە فەرمییش داوای کردووە هاووڵاتییەکە دیپۆرتی عێراق بکرێتەوە.
 
رۆژی 28ی حوزەیرانى رابردوو، سەلوان مۆمیکا، کە پەنابەرێکی تەمەن 37 ساڵانی عێراقییە لە سوێد، لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
 
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە و لە کاردانەوەی ئەو کارەی سەلوان مۆمیکا و رێگەپێدانی حکومەتی سوێد بە کارەکە، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد، هەڵسوڕێنەری کاروباری عێراق لە باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد بکشێنێتەوە. هەروەک داوا لە باڵیۆزی سوێد دەکات خاکی عێراق بەجێبهێڵێت. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.