دەزگای لووتکە: نزیکەی 27 هەزار عێراقی لە ئەوروپا داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە

20-06-2021
جووتیار قارەمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە ساڵی 2021ـدا 26 هەزار و 972 عێراقی روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە.
 
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە گەشتە ئاسمانی و زەوینییەکان لە ساڵی 2020ـدا راگیران، رێژەی پەنابەری و کۆچبەری لە چاو ساڵانی رابردوودا زۆر دابەزی، بەڵام ئەمساڵ بەپێی ئەو ئامارەی بە دەستی ئێمە گەیشتووە 26 هەزار و 972 کەسی عێراقی روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە و داوای مافی پەنابەرێتییان پێشکەش کردووە."
 
سەرۆکی دەزگای لووتکە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ژمارەیە ئەو هاووڵاتییانەی تێدا نییە کە بە فەرمی گەشتیان کردووە و نەگەڕاونەتەوە، یان ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوارووی 18 ساڵەوەیە، چونکە لە ئامارەکاندا تۆمار ناکرێن. 
 
بە گوێرەی ئامارەکانی دەزگای لووتکە، لە ساڵی 2020ـدا زیاتر لە 34 هەزار کەس هەرێمی کوردستانیان جێ هێشتووە و بوونەتە پەنابەر و کۆچبەر. 
 
 
ئاری جەلال گوتیشی: "دیاردەی کۆچبەری و پەنابەری لە ناوچەکەدا بە رێژەیەکی بەرچاو و مەترسیدار بەردەوامە. ئەوەیش بەهۆی بارودۆخی ناسەقامگیری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە کە ساڵانێکە بەرۆکی ئەم ناوچەیەی گرتووە. ئەمساڵ پێنج هاونیشتمانیی کورد لە رێگەی کۆچدا مردوون."
 
بە گوێرەی ئاماری دەزگای لووتکە، لە ساڵانی رابردوودا زیاتر لە 429 کەسی عێراقی لە رێگەی کۆچدا مردوون، 256 کەسیان تەرمیان بەردەست بووە، 173 کەسیان تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە و تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە. ئەمانەیش نزیکەی 70٪یان خەڵکی هەرێمی کوردستانن.
 
ئاری جەلال گوتی: "لە ساڵی 2015دا بەرزترین ژمارەی کۆچ لە عێراقدا تۆمار کرا کە 186 هەزار و 462 کەس بوون کە ئەوانەن تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە. ئەگەر ژمارەی کۆچبەرانی عێراقی لەم پێنج ساڵەی رابردوودا تۆمار بکرێت، ئەوا زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار کەس دەبن. لە ساڵی 2020ـدا 34 هەزار کەس کۆچیان کردووە کە تەرمی 18 کەسیان بەردەست بوون و 17 کەسیش بێسەروشوێنن."
 
بە گوتەی ئاری جەلال، تاوەکو ئێستا تەرمی 256 کەس لەلایەن دەزگای لووتکەوە گەڕێنراوەتەوە بۆ عێراق هەر لە زاخۆوە تا بەسرە. 173 کەسیش دۆسیەکانیان بە کراوەیی ماونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە.
 
رۆژی 20ـی حوزەیران 70 ساڵ بەسەر جاڕنامەی کۆڕبەندی جیهانیی ساڵی 1951ـدا کە تایبەتە بە مافەکانی پەنابەران. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە