رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆدان و "کاری زۆر باشیان" لەگەڵ دەکەن.
رۆژی هەینی، 6ی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێک لەسەر پەیامی بۆ ئێران گوتی، "ئێرانمان تیکشکاند و لە شەش بۆ حەوت مانگی رابردوودا هیچ سەربازێکمان لەدەستنەداوە." ئاماژەی بەوەش کرد، "لەگەڵ ئێران کاری زۆر باش دەکەین و لەگەڵیاندا لە گفتوگۆداین."
گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدان، ئێستا بە نێوەندگیریی قەتەر گفتوگۆ لەنێوان واشنتن و تاراندا هەیە، بەڵام سازش لەلایەن هەردوولاوە کەمە.
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران کردووە کە رێککەوتنێکی "باش" پەسند بکەن لەبری ئەوەی بەدوای رێککەوتنێکی "بێ کەموکوڕی"دا بگەڕێن؛ ئاماژەی بەوەش کرد، هەردوو وڵات ناتوانن بگەنە رێککەوتنێکی تەواو و نموونەیی.
سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە کۆنفرانسێکدا لە بەریتانیا رایگەیاند، پێویستە واشنتن و تاران لەبری هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی نموونەیی، رێککەوتنێکی باش پەسند بکەن.
بە گوتەی دیپلۆماتێکی ئاگادار لە دانوستاندنەکان بۆ بلومبێرگ، هەردوو وڵات لە گەیشتن بە کۆتاییهێنان بە جەنگ نزیکبوونەتەوە، بەو پێیەی تاران ئامادەیی پیشانداوە گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات کە پێشتر رەتیدەکردەوە باسی بکات.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێی وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، تاران 2ی ئادار تەنگەی هورمزی داخست.


.jpg&w=3840&q=75)