رووداو - مۆسکۆ
پیاوێکی رووسی 54 ساڵە و بە تەمایە 43 هەزار کیلۆمەتر بە پێ بڕوات. تا ئێستا 17 هەزار کیلۆمەتری بڕیوە و دەیەوێت هەموو رووسیا بگەڕێت.
ئەندرێی شاراکین، گەشتیارێکی رووسە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە 2ی حوزەیرانی 2018 لە شاری ژوکۆڤسکیی پارێزگای مۆسکۆ کەوتمە رێ. تا ئێستا 32 هەرێمی رووسیای فیدراڵم بە پێ بڕیوە. بەشی باشوورم تەواوکردووە، ئێستا بەرەو بەشی باکوور دەڕۆم؛ دەمەوێت بە پێ هەموو رووسیا بگەڕێم. هێشتا 26 هەزار کیلۆمەترم ماوە بیبڕم. دەوروبەری سێ ساڵی دیکەم پێویستە، وا دوو ساڵە دەستم پێکردووە".
شاراکین تاوەکو ئێستا 17 هەزار کیلۆمەتری بڕیوە کە ئەوە دەکاتە پێنج هێندەی دووریی نێوان هەولێر و مۆسکۆ. ئەو بە سەرما و گەرما رێگە دەبڕێت. ئەو دەیەوێت 43 هەزار کیلۆمەتر بە پێ بڕوات.
ناتالیا، فەرمانبەرێکی رووسە و دەڵێت، "پێموایە بەپێرۆیشتن زۆر بەسوودە. بە لایەنی کەمەوە رۆژانی ئاسایی پێویستە پێنج کیلۆمەتر بە پێ بڕۆین، بەڵام ئەگەر رۆژانی پشوو بێت، ئەوا دەبێت 10 کیلۆمەتر بە پێ بڕۆین".
بەپێڕۆیشتن بووەتە بەرنامەی رۆژانەی ژیانی رووسەکان. زۆربەی خەڵکی رووسیا رۆژانە نزیکەی پێنج کیلۆمەتر بە پێ دەڕۆن. ئەو کەسانەیش زۆرن کە رۆژانە 10 تاوەکو 15 کیلۆمەتر بە پێ دەبڕن.
ساینە کاسبکارێکی رووسە و دەڵێت، "تا بکرێت پێویستە زۆر بە پێ بڕۆین، بەتایبەتی کاتێک تەمەنمان بەرەو سەرەوە دەچێت پێویستە زیاتر بە پێبڕۆین، چونکە لەو تەمەنانەدا زیاتر هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێل دەکەین".
کسیوشە خوێندکارە و دەڵیت، "لە پارکی گۆرکێ زۆر گەڕاین. دەوروبەری 12 کیلۆمەتر بە پێ رۆیشتین؛ بۆ تەندروستی زۆر باشە".
لە رووسیا سەرماوسۆڵە و کەشوهەوای سەخت کە نزیکەی سێ وەرزی ساڵ داگیردەکات، دەرفەتی زۆر بۆ پایدەڕەوی ناهێڵێتەوە. بۆیە کاتێک کەشوهەوا خۆش دەکات، خەڵک بە لێشاو لە ماڵەکانیان دێنە دەرەوە و پایدەڕەوی دەکەن.


