رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دوای کردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق، داوای لە حکومەتی کاتیی سووریا کرد کۆنترۆڵی ئەو گرووپانە بکات کە دەستیان لە "کۆمەڵکوژییەکان"ـی ئەم مانگەی سووریا هەبووە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات.
رۆژی پێنجشەممە 20-03-2025 ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی دیمەشقی کرد و باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە سووریا کردەوە، کە لە 2012ـەوە لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتەوە داخرا. لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد، ئەمە دووەم سەردانی خانمە وەزیرەکەیە بۆ سووریا.
سەردانی ئەو وەزیرە دوای شەڕ و گرژییەکانی رۆژئاوای سووریا دێت کە بووە هۆی کوژرانی هەزار و 500 کەس، کە زۆربەیان لە پێکهاتەی عەلەویی ئەو وڵاتە بوون.
هێزەکانی سەر بە حکومەت و گرووپە هاوپەیمانەکانیان تۆمەتی کۆمەڵکوژییەکانیان خراوەتە پاڵ.
دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا و چەند بەرپرسێکی دیکە، بێربۆک گوتی: "گرنگە گرووپە پەڕگیرەکان کۆنترۆڵ بکرێن و ئەوانەی بەرپرسیاری ئەو تاوانانەن لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت. پێویستە رێگە لە هەموو هەوڵێکی سەرهەڵدانەوەی گرژی بگیرێت."
بێربۆک جەختی کردەوە، ئەو تاوانانەی بەم دواییانە لە سووریا کران، تەنیا ئاماژە و هۆشداری نین، بەڵکو نیشاندەری ئەوەن ئەو وڵاتە "لە دۆخێکی زۆر دژواردایە."
ئەنالینا بێربۆک دۆخی سووریا بە "ناسەقامگیر" ناوبرد، ئەوە لە کاتێکدایە سووریا لەدوای ساڵانێکی زۆر لە شەڕ و کوشتار بەدوای سەقامگیرییەوەیە.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی: "وەک ئەورووپییەکان، ئێمە پشتگیری لە سەرهەڵدانەوەی پەیکەری ئیسلامی ناکەین. داوا لە دەسەڵاتی سووریا دەکەین سیستمێکی بەشکردنی دەسەڵات دروستبکات کە هەموو گرووپەکان، لەوانەش دروز، عەلەوی، کریستیان و ئەوانی دیکە؛ هەستبکەن بەشێکن لە سووریای نوێ."
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بەشداریی ژنانی بە "نیشاندەرێکی گرنگ"ـی ئەو پرۆسەیە ناوبرد و گوتی: "ئامانجی هاوبەشی ئێمە ئەوەیە سووریا هەرگیز نەچێتەوە سەردەمی شەڕی ناوخۆ. وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت تەنیا ئەو کاتە دێتە سووریا، کە دەوڵەتێکی سەقامگیر گەرەنتی ئەوە بکات کە چیدیکە تووندوتیژی و پشێوی دروست نابێتەوە و خەڵک چیدیکە ناچار نابن رابکەن."
رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە ئەڵمانیا رایگەیاند، 300 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا تەرخان دەکات، ئەوەش وەک بەشێک لە کۆنفرانسێکی پارە بەخشین لە برۆکسل کە بووە هۆی کۆکردنەوەی 5.8 ملیار یۆرۆ بۆ سووریا.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی ئەڵمانیا رایگەیاند، تیمێکی بچووکی ئەڵمانی لە باڵیۆزخانەکەیان لە سووریا دەستبەکار دەبن و گوتی: "ئەڵمانیا بەرژەوەندییەکی زۆری لە سووریاییەکی سەقامگیر هەیە، ئەوکات ئێمە دەتوانین باشتر یارمەتیی سەقامگیربوونی وڵاتەکە بدەین."
لەنێو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، ئیتاڵیاش دەستی بە کارەکانی باڵیۆزخانە لە سووریا کردووە.
فەرەنسا ئاڵای خۆی لەسەر باڵاخانەی باڵیۆخانەکەی هەڵکردووە، بەڵام هێشتا هیچ چالاکییەکی تێدا نەکردووە.
ئیسپانیاش هاوشێوەی فەرەنسا ئاڵای خۆی لە نێوەڕاستی مانگی کانوونی دووەم هەڵکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ