سەرۆکی چین سەردانی مۆسکۆ دەکات

20-03-2023
هادی سەلیمی
هادی سەلیمی @hadiselimi
نیشانەکردن چین رووسیا بۆرووسیا دۆرتموند
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی چین سەردانی مۆسکۆ دەکات و لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆدەبێتەوە. پووتینیش پێشوازی لە خواستی چین بۆ رۆڵگێڕان لە "چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکراینا" دەکات. 
 
وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ (دووشەممە، 20-3-2023) رایگەیاند، شی جین پینگ، سەرۆکی چین بە بانگهێشتی فەرمیی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆكی رووسیا، سەردانی رووسیا دەکات. بڕیارە سەردانەكەی شی جین پینگ تاوەکو 22ـی ئەم مانگە بخایەنێت. وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژە بەوە دەدات پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەكانی چین و رووسیا، تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە دەبن. 
 
لەدوای هەڵبژاردنی بۆ سێیەم جار بە سەرۆكی چین، ئەمە یەکەم سەردانی شی جین پینگە بۆ دەرەوەی وڵات، هەروەها لەدوای شەڕی رووسیا و ئۆكراینا، ئەمە یەكەمجارە سەرۆكی چین سەردانی رووسیا دەكات. 
 
پووتین لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای چینی، شی جین پینگی بە "هاوڕێیەکی دێرین" ناوبرد و گوتی، رووسیا هیوایەکی زۆری بە سەردانەکەی (سەرۆکی چین) بۆ رووسیا هەیە. 
 
سەرۆکی رووسیا گوتی، "ئێمە بۆ رۆڵی هاوسەنگی چین لەو رووداوانەی لە ئۆکراینا روودەدەن، سوپاسگوزارین. پێشوازی لە خواستی چین لە گێڕانی رۆڵێکی بونیاتنەرانە لە چارەسەرکردنی قەیرانەکەدا دەکەین". 
 
چەند هەفتەیەک بەر لە دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا، شی جین پینگ و ڤلادیمیر پووتین رێککەوتنێکیان واژۆ کرد کە بە "هاوبەشییەکی بێ سنوور" ناویان برد. 
 
لە راگەیێندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی چین لە ئاماژە بە شەڕی رووسیا و ئۆكراینادا هاتووە "لە كاتێكدا ساڵێك بەسەر شەڕی رووسیا و ئۆكراینا تێدەپەڕێت، چین دەیەوێت و وەكو چۆن رۆڵی لە نزیككردنەوەی ئێران و سعودیەدا هەبووە، رۆڵی ئەرێنی بۆ گفتوگۆی ئاشتییانە لەنێوان رووسیا و ئۆكراینادا هەبێت بۆ هەنگاونان بەرەو بەرپابوونی ئاشتی".
 
وەزارەتی دەرەوە چین هەروەها رایگەیاندووە "بەپێچەوانەی ئەمریكا كە بەردەوام ئاگری شەڕ خۆش دەكات، شی جین پینگ هەوڵدەدات چارەسەری ئاشتییانە بۆ شەڕی رووسیا و ئۆكراینا بدۆزێتەوە".
 
مانگی رابردوو، پەکین پێشنیازێکی 12 خاڵی بۆ دیالۆگ و گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ئۆکراینا راگەیاند، بەڵام رەخنەی ئەوەی لێگیرا؛ هیچ پێشنیازێکی کۆنکرێتی تێدا نییە لەسەر ئەوەی چۆن جەنگەکە کۆتایی پێبهێندرێت.
 
هەرچی ئۆکراینایە دەڵێت، بۆ ئەوەی جەنگ کۆتایی بێت و ئاشتی بەرقەرار بێت، پێویستە رووسیا لە تەواوی خاکەکەی بکشێتەوە، بە نیمچە دوورگەی کریمیاشەوە کە ساڵی 2014 رووسیا بەخۆیەوە لکاندی. 
 
لای خۆیەوە، واشنتن مانگی رابردوو رایگەیاند، نیگەرانییان هەیە و دەکرێت چین چەکی بە رووسیا دابێت؛ تۆمەتێک کە لەلایەن پەککینەوە رەتکراوەتەوە.
 
سەرۆكی چین لە ماوەی 10 ساڵی سەرۆكایەتیدا هەشت جار سەردانی رووسیای كردووە. 
 
چین و رووسیا وەك دوو هاوبەشی ستراتیژی و ئابووری لە ماوەی 10 ساڵدا ئاڵوگۆڕی بازرگانیان بەڕێژەی نزیكەی 116٪ زیادكردووە و لە ساڵی 2022ـدا قەبارەی بازرگانیی نێوانیان گەیشتە سەرووی 190 ملیار دۆلار.
 
لەگەڵ شەڕی رووسیا و ئۆكراینا، ئەمریكا بەردەوام چینی تۆمەتبار كردووە بە پشتگیری و هاوكاریکردنی چین بۆ رووسیا، بەڵام چین رەتیكردووەتەوە پشتگیری سەربازیی رووسیای كردبێت و بەردەوام باسی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە كردووە بۆ شەڕی رووسیا و ئۆكراینا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا