رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی داوە لە یەکەم رۆژی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی ژمارەیەک فەرمانی جێبەجێکاریی واژۆ بکات کە "سەر بسووڕێنێت" چەند کاژێرک دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەمریکا.
ترەمپ دەڵێت فەرمانەکانی لەبارەی پرسەکانی وەکو کۆچی نایاسایی، یاساکانی ژینگە، سیاسەتەکانی فرەچەشنی و بەڵگەنامە نهێنییەکان و چەند خاڵێکی دیکە دەبن.
هەر سەرۆکێک لە ئەمریکا لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی ژمارەیەک فەرمان دەردەکات، ئەم فەرمانانە قورسایی یاساییان هەیە، بەڵام دەکرێت سەرۆکێکی دیکە یان دادگایەکی هەڵیبوەشێنێتەوە.
بەڵام رەنگە ژمارەی ئەو فەرمانانەی ترەمپ لە یەکەم رۆژدا واژۆی دەکات وێنەی نەبووبێت پێشتر، پێشبینیش دەکرێت رووبەڕووی هەندێک ئاڵنگاریی یاسایی ببێتەوە.
کۆچ و سنوور؛ دیپۆرتکردنەوە
ترەمپ بەڵێنی داوە لە رۆژی یەکەمەوە گەورەترین بەرنامە و هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لە مێژووی ئەمریکا دەستپێبکات.
پێشبینی دەکرێت ترەمپ باری لەناکاوی نیشتمانیی سنوور دەربکات، فەرمانیش بە سوپا بکات کە یارمەتی تووندوتۆڵکردنی سنووری باشووری ئەمریکا بدەن.
ترەمپ دەڵێت کۆتایی بە سیاسەتێکی درێژخایەن دەهێنێت کە رێگە نادات هێزە ئەمنییەکان هەڵبکوتنە سەر کەنیسە و قوتابخانەکان.
پێشبینی دەکرێت هەر هەڵمەتێکی گەورەی ناردنەوەی کۆچبەران رووبەڕووی ئاڵنگاری لۆجیستی ببێتەوە، ملیاران دۆلار خەرجی و ئاڵنگاری یاساییش.
هێشتنەوە لە مەکسیک
رەنگە ترەمپ بە زوویی سیاسەتی "هێشتنەوە لە مەکسیک" بخاتەوە کار، کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا 70 هەزار کۆچبەری نامەکسیکی گەڕاندەوە بۆ نێو سنوورەکانی مەکسیک تاوەکو کاتی دادگاییکردندیان دێت لە ئەمریکا.
کۆتاییهێنان بە وڵاتینامەی شوێنی لەدایکبوون
بەگوێرەی دەستووری ئەمریکا، هەر منداڵێک لەسەر خاکی ئەمریکا لەدایک بێت وڵاتینامەی ئەمریکی پێدەدرێت ترەمپ دەڵێت ئەم مافە 150 ساڵییە "بێمانایە" و لە رۆژی یەکەمەوە هەڵیدەوەشێنێتەوە.
بەڵام ئەم کارە وا ئاسان نییە هەر بە فەرمانێکی سەرۆکایەتی هەڵبوەشێتەوە، چونکە مافی وەرگرتنی وڵاتینامەی ئەمریکی بۆ هەر منداڵێک لەسەر خاکی ئەمریکا لەدایک بێت بەگوێرەی دەستوور گەرەنتیکرداوە.
داخستنی سنوور بە هۆکاری تەندرووستی
لە ساڵی 1944وە رێکارێک هەیە بە ناوی تایتڵ 42 کە رێگە بە حکومەتی ئەمریکا دەدات کۆچ سنووردار بکات بۆ پاراستنی تەندرووستی گشتی، ئەمە لە کاتی کۆرۆنا بەکارهێندرا.
بەڵام دەگوترێت رەنگە ئیدارەی ترەمپ بە شوێن دۆزینەوەی نەخۆشییەک بگەڕێت تاوەکو پاساوی ئەوەی هەبێت پلانەکانی بۆ داخستنی سنووری باشووری ئەمریکا لەگەڵ مەکسیک جێبەجێ بکات.
گرووپەکانی ماددەی هۆشبەر
پێشبینی دەکرێت ترەمپ گرووپەکانی ماددەی هۆشبەر وەکو "رێکخراوی تیرۆریستی بیانیی" پۆلێن بکات و بیانخاتە هەمان لیستەوە لە تەنیشت گرووپی وەکو ئەلقاعیدە، داعش و حەماس.
دروستکردنی دیوار
کاتێک ترەمپ بۆ یەکەمجار لە 2016 وەکو سەرۆک هەڵبژێدرا فەرمانێکی جێبەجێکاریی واژۆکرد بۆ دروستکردنی دیوار لەسەر سنووری مەکسیک، بەشیک لە دیوارەکە دروستکرا بەڵام بەشێکی دیکەی زۆری ماوە، پێشبینی دەکرێت دروستکردنی ئەو دیوارە تەواو بکات.
بازرگانی و ئابووری؛ پێناسی گومرکی
ترەمپ بەڵێنی داوە پێناسی گومرکی بەسەر کاڵا و کەلوپەلی هاوردەکراودا بسەپێنێت بۆ پێدانی پێشنە بە کاڵای ئەمریکی.
ترەپ لە خولی یەکەمیدا پێناسی گومرکی سەپاند، بۆ نموونە بەسەر چین، کە جۆ بایدنیش لەسەر ئەو پێناسی گومرکییە بەردەوام بوو.
بەڵام لەم خولەدا ترەمپ دەڵێت پێناسی گومرگی بە رێژەی 10٪ بەسەر هەموو بەرهەمێکی هاردەکراو بسەپێنێت، 25٪ بەسەر بەرهەمەکانی کەنەدا و مەکسیک، هەروەها 60٪ بەسەر بەرهەمەکانی چین.
ترەمپ دەڵێت لە رۆژی یەکەمەوە ئەم فەرمانانە لەبارەی پێناسی گرمرگییەوە واژۆ دەکات.
رەنگە پێناسی گومرگی کاڵاکان لە ئەمریکا گرانتر بکات و هەڵاوسان بەرز بکاتەوە، هەروەها رەنگە هەندێک وڵات رێکاری هاوشێوە بەسەر ئەمریکا بسەپێنێت.
دراوی دیجیتاڵی
ترەمپ سەرمەشقی دراوی ئەلیکترۆنی دەکات، هەڵبژاردنیشی بەهای بیتکۆینی بە رێژەی 30٪ بەرزکردەوە.
هەندێک پسپۆڕ پێیانوایە ترەمپ خێرا هەنگاو دەنێت بۆ دروستکردنی کەنووی فیدراڵی بیتکۆین، وەکو گەنجینەیەکی ستراتیژی هاوشێوەی زێڕ و نەوت.
کەشوهەوا و وزە؛ هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتەکانی جۆ بایدن بۆ کەشوهەوا
جۆ بایدن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئەو فەرمان و بڕیارانەی خۆی لەبارەی ژینگە و کەشوهەواوە دەریکردوون وەکو یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتەکانی دەبینێت، هەروەها پارەدارکردنی بەرنامەکانی کاری سەوز و رێکخستنی پیسبوونی ژینگە و پارەدارکردنی ژێرخان.
ترەمپ بە روونی دەڵێت دەیەوێت بەشێکی زۆری هەڵبوەشێنێتەوە، پێشبینی دەکرێت فەرمانی جێبەجێکاری بەکاربێنێت بۆ لابردنی رێگریکردن لە هەڵکۆڵینی بیری نەوت لەنێو دەریا و لەسەر زەوی فیدراڵی، ئەمەش وەکو بەجێگەیاندنی بەڵێنەکەی خۆی بە ناوی "هەڵکەنە، ئازیز هەڵکەنە"، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی وزەی ئەمریکا و سەربەخۆیی لە رووی وزەوە.
هەروەها بەڵێنی داوە پڕۆژەی نوێی وزەی با و هەندێک ئاسانکاری و لێخۆشبوون بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەڵبوەشێنێتەوە.
کشانەوەی لە رێککەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوا
لە خولی رابردووا، ترەمپ لە شەش مانگی یەکەمدا لە رێککەوتننامەی پاریس بۆ کەشوهەوا کشایەوە، کە رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی دیارە بۆ سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جیهان.
کاتێک بایدن بووە سەرۆک لە یەکەم رۆژیدا ئەمریکای بۆ نێو رێککەوتنی پاریس گەڕانەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ترەمپ جارێکی دیکە بکشێتەوە.
هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس؛ ئازادکردنی بەندکراوانی 6ی کانوونی دووەم
بەهۆی هەڵکوتانی لایەنگرانی ترەمپ لە 2021 بۆسەر باڵەخانەی کۆنگرێس لە ئەمریکا، 1500 کەس دەستگیرکران و 600 کەس سزادران.
ئێستا ژمارەیەک لە سزادراون چاوەڕێی ئەوەن ترەمپ لەگەڵ دەستبەکاربوونی لێخۆشبوونی سەرۆکایەتییان بۆ دەربکات.
ترەمپ دەڵێت لێخۆشبوون بۆ ژمارەیەکی زۆریان دەردەکەم، بەڵام هەندێکیان ناتوانم بۆ هەموویان چونکە هەندێکیان کۆنترۆڵی خۆیان لەدەستدا.
بەڵگەنامە نهێنییەکان
ترەمپ دەڵێت لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆک، نهێنی لەسەر ژمارەیەک بەڵگەنامە هەڵدەگرێت و ئاشکرایان دەکات، بۆ نموونە ئەوانەی پەیوەندییان بە کوشتنی جۆن کێنیدییەوە هەیە لە 1963، کە چەندین بۆچوونی پیلانگێڕی سەیر لەبارەی ئەو رووداوەوە هەیە.
ترەمپ دەڵێت هەمان هەنگاو دەنێت بۆ ئەو پەڕاوانەی پەیوەندییان بە کوشتنی سیناتۆر رۆبێریت کێنیدییەوە هەیە لە 1968، هەروەها کوشتنی مارتن لووسەر کینگ جونیور، سەرکردەکانی مافەکانی مرۆڤ.
سیاسەتی دەرەوە؛ جەنگی ئۆکراینا
ترەمپ لە کاتی بانگەشەدا دەیگوت لە یەکەم رۆژی سەرۆکایەتیدا کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا دێنێت کە ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە، ئێستا دەڵێت رەنگە پێویستی بە شەش مانگ بێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، بەڵام روون نییە لە یەکەم رۆژیدا لەوبارەیەوە چی دەکات.
کووبا و ڤێنزوێڵا
رەنگە ترەمپ فەرمانگی جێبەجێکاریی بەکاربێنیت بۆ پاشەکشەکردن لە بڕیارەکەی بایدن بۆ لابردنی کووبا لە لیستی ئەو وڵاتانەی یارمەتی تیرۆر دەدەن. هەروەها رەنگە سزا لە دژی ڤێنزوێلا بسەپێنێتەوە.
لە خولی یەکەمدا تووڕەیی ترەمپ بەر هەردوو وڵات کەوت.
ئێران
ترەمپ بەڵێنیداوە گوشارەکان بگەڕێنێتەوە سەر ئێرانە و رەخنەی زۆر لە ئیدارەی بایدن دەگرێت بەوەی نەیتوانیوە لە چوار ساڵی رابردوو یەکلاکەرەوە بێت لەگەڵ ئێران
فرەچەشنی و جێندەر؛ فرەچەشنی، یەکسانی و تێکەڵاوی DEI
لە ساڵانی رابردوودا قوتابخانەکان و بازرگانییەکان لە ئەمریکا سیاسەتێکیان پەیڕەو کرد بۆ ئامادەکراوە بۆ پاڵپشتیکردن لە ژنان و کەمینە رەگەزییەکان.
ئەم کارانە کە زۆر جار پۆلێن دەکرێت لە ژێر ناوی "فرەچەشنی، یەکسانی و تێکەڵاوی" زۆر لە موحافەزەکارەکانی تووڕە کرد و رووبەڕووی ئاڵنگاری یاسایی زۆر بووەوە.
ترەمپ بەڵێنی داوە ئەم سیاسەتە هەڵبوەشێنێتەوە، هەر لە ئێستاشەوە کۆمپانیا گەورەکان وەکو مێتا، واڵمارت و ئامازۆن خەریکە لەو جۆرە دەستپێشخەرییانەی پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە دەکشێنەوە.
رەنگە ترەمپ فەرمانی جێبەجێکاریی بەکاربێنیت بۆ رێگریکردنی لە چوونی پارەی فیدراڵی بۆ ئەو قوتابخانە و دامەزراوانەی کە بەرنامەکانی سیاسەتی "فرەچەشنی، یەکسانی و تێکەڵاوی" بەکاردێنن، هەروەها رەنگە پارەی لەو قوتابخانەنەش ببڕیت کە "تیۆری رەخنەیی رەگەزەیی" دەڵێنەوە.
منداڵ لەباربردن
وەکو زۆرینەی سەرۆکە کۆمارییەکانی پێش خۆی، پێشبینی دەکرێت ترەمپ "سیاسەتی مەکسیکۆ سیتی" بسەپێنێتەوە، کە رێگە لە هاوکاری فیدراڵی دەگرێت بۆ ئەو گرووپە نێودەوڵەتییانەی راوێژ لەبارەی لەباربردنی منداڵ پێشکەش دەکەن.
هەروەها پێشبینی دەکرێت خاڵی دەیەمی یاسای کارمەندانی تەندرووستی فیدراڵی بسەپێنێتەوە، کە رێگری دەکات لە یارمەتیدانی نەخۆشەکان لەبارەی لەباربردنی منداڵ. ئەم هەنگاوە دەیان ملیۆن دۆلار لەو رێکخراوە دەکشێنێتەوە کە لەباربردنی منداڵ دەکەن.
ژنانی ترانسجێندەر لە وەرزش
ترەمپ بەردەوام رەخنەی گرتووە لەوەی خۆی ناوی دەنێت "شێتی ترانسجێندەر" لە قوتابخانەکان و کەرتی تەندروستی بە دیاریکراوی بەڵێنی داوە رێگە نەدات ژنانی ترانسجێندەر لە وەرزشی ژناندا رکابەری بکەن.
تیکتۆک
رۆژی یەکشەممە ترەمپ بەڵێنی دا فەرمانێکی جێبەجێکاری دەربکات بۆ دواخستنی جێبەجێکردنی ئەو یاسایەی تیکیۆک لە ئەمریکا قەدەخە دەکات.
ئەم فەرمانەی کات بە تیکتۆک دەکات تاوەکو هاوبەشێکی ئەمریکی بدۆزنەوە تاوەکو 50٪ی پشکی کۆمپانیاکە بکڕن.
پێشتر ترەمپ پاڵپشتی قەدەخەکردنی تیکتۆکی کرد، بەڵام بەم دواییانە هەڵوێستی گۆڕی و ئاماژە بە ملیاران ڤیوی ڤیدیۆکانی خۆی دەکات لە کەمپەینی سەرۆکایەتی بە درێژایی ساڵی پێشوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ