رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە پەراوێزی 78ـەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامی پرسیاری رووداوی لەبارەی بەشدارینەکردنی ریشی سووناک دایەوە، گوتیشی: "ئێمە ئەرکەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگ دەبینین و بەردەوامیش دەبین لە پشتگیریکردنیان."
رۆژی سێشەممە، 19ی ئەیلوولی 2023، جەیمس كلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا وەڵامی دیار کوردە، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی بۆ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دایەوە و لەبارەی بەشدارینەکردنی ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، "جێگەی داخە. زۆربەی کات سەرکردەکانی جیهان کاتی کەمتریان هەیە بتوانن ئامادەی ئەم جۆرە کۆبوونەوانە بن."
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد، راستە سووناک بە مەبەستی بەشداریکردن لەکۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نەچووەتە نیویۆرک، بەڵام "جێگری سەرۆکوەزیران (ی بەریتانیا) لێرەیە؛ منیش لێرەم؛ هەروەها چەند هاوکارێکی دیکەشمان لە کابینەی حکومەت لێرەن".
جەیمس کلێڤەرلی کارەکانی ئاژانسە جیاوازەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە سەرانسەری جیهاندا بە گرنگ ناوبرد و گوتی، "کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگ دەبینین و بەردەوامیش دەبین لە پشتگیریکردنیان".
رۆژی سێشەممە، 19-9-2023، 78ـەمین کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەستیپێکرد و بڕیارە لە چوار رۆژی داهاتوودا زۆربەی سەرکردەکان گوتاری خۆیان پێشکێش بکەن.
بۆ ئەمساڵ زۆربەی سەرکردەکانی جیهان ئامادەی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانن، بەڵام ژمارەیەکیشیان ئامادە نین، وەک ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا؛ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا؛ شی جین پینگ، سەرۆکی چین و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا. بەمەش لەکۆی پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە مافی ڤیتۆیان هەیە، چواریان بەشداری کۆبوونەوەی ئەمساڵی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ناکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا گوتارەکەی پێشکێشکرد و تێیدا باسی لە چەند پرسێکی جیهانی کرد و لەبارەی پرسی ئەتۆمیی ئێران گوتی، بەهیچ شێوەیەک رێگەنادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
هەر لەو گوتارەیدا، بایدن رایگەیاند، ئەوان نایانەوێت کێشەیان لەگەڵ چین هەبێت و "خوازیار نین پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین بچێتە قۆناخی ناکۆکییەوە".
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەیشی لە رووسیا گرت لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی بۆسەر ئۆکراینا و گوتی، مۆسکۆ پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان نەبووە.
پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا:
رووداو: بەڕیز وەزیری دەرەوە، بۆچی سەرۆکوەزیران سووناک بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەکرد؟
جەیمس كلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: "جێ داخە. زۆربەی کات بەو شێوەیەیە کە سەرکردەکانی جیهان کاتی کەمتریان هەیە تاوەکو بتوانن ئامادەی ئەم جۆرە کۆبوونەوانە بن. جێگری سەرۆکوەزیران لێرەیە، منیش لێرەم، هەروەها چەند هاوکارێکی دیکەشمان لە کابینەی حکومەت لێرەن. ئێمە کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگ دەبینین و بەردەوامیش دەبین لە پشتگیریکردنیان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ