چین دەیەوێت پەکین بخاتە نێو لیستی پاکترین پایتەختەکانی جیهان؛ ئەی لە هەولێر چی پێویستە؟

دوێنێ کاژێر 03:00
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
سەوزایی لە پەکین
سەوزایی لە پەکین
A+ A-
رووداو پەکین 

لە گەورەترین دیواری جیهانەوە بۆ گەورەترین پشتێنەی سەوزایی؛ پلانی درێژخایەنی دەوڵەتی چین بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون جگە لە دیوارێکی بە ملیار داری لە سنوورەکانی باکوور، سەوزبوونی شارەکان و دارستانە دەستکردەکانی نێو شارەکانیشی لێکەوتووەتەوە.
 
د. لو شینگ شی، پسپۆڕی ژینگە و دارستان، کە 20 ساڵ لەمەوبەر بەشداربووە لە پڕۆژەی سەوزکردنی پایتەختەکەیان، باسی جیاوازیی ئەو کات و ئێستای پەکین بۆ رووداو بۆ دەکات.
 
لو شینگ شی، پرۆفیسۆر لە زانکۆی دارستانی پەکین و سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی پیشەسازیی گژوگیا، زانست و داهێنانی تەکنەلۆژیا دەڵێ "24 ساڵ لەمەوبەر و لە سەروبەندی سەدەی 21ـەم و لە ساڵی 1999، رێژەی دارستانەکان لە چین نزیکەی 17٪ بووە، بەڵام ئێستا رووبەری سەوزایی گەیشتووەتە 23٪، ئەمەش بە رێژەی 5٪ زیادی کردووە."
 
هەروەها دەڵێ "پەکین شارێکە، کە رووبەرێکی بچووکی گژوگیای هەیە و رووبەری دار و دارستانی گەورەیە. رووپۆشی دارستانەکانی پەکین گەیشتووەتە 45٪، لە ساڵی 1999 دارستانەکان تەنها 21%ـی رووبەرەکەیان داپۆشیبوو، ئێستا زیاتر لە دووهێندە زیادی کردووە."
 
پرۆژەی سەوزکردنی شارەکانی چین ئەوەندە خێرا و بەرچاوە، دانیشتووانی بە ساڵ، هەست بە گۆڕانکارییەکان دەکەن.
 
دا وان، قوتابیی ماستەرە لە پەکین و دەڵێ "شەش ساڵە لێرە دەژیم، بۆ خوێندن هاتووم و خەریکی خوێندنی ماستەرم. لە ماوەی ئەم شەش ساڵەی ژیانمدا لە پەکین، هەست دەکەم ژینگەی سەوزی پەکین بەراورد بە پێشوو زۆر باشتر بووە. وەک دەزانن کوالێتیی هەوا وەک ئێستا باش نەبوو. حکومەت رووبەری سەوزی زیاتر کردووە و هەستدەکەم ژینگەی سەوزی پەکین بەراورد بە پێشوو، زۆر باشتر بووە. "
 
بژار، قوتابیی دکتۆرایە لە زانکۆی دارستانی پەکین. پێیوایە پایتەختی هەرێمی کوردستان ئاسانتر لە پایتەختی چین سەوز دەکرێت و تێچووی کەمتریشی پێویستە.
 
بژار سەفەر، قوتابیی دکتۆرا لە ئیدارەدانی دارستان و پاوان لە زانکۆی دارستانی پەکین بە رووداوی گوت "ئەگەر بەراوردی هەولێر بکەین، ئەوا دەبینین لە هەولێر تەنیا سێ پارکی دەستکرد هەن، بەڵام لە پەکین زیاتر لە 400 پارکی دەستکرد هەن، ئەم ئامارەش بەهۆی ئەوەیە هەر پڕۆژەیەک لە پەکین بکرێت، بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، پلانی بۆ دادەنرێت، چاودێری هەیە و نۆژەنکردنەوەی هەیە، هەروەها لێکۆڵینەوەی زانستی هەن."
 
بژار باسی ئەوەش دەکات لە هەولێر "پێویستمان بە زیاتر لە 15 پارکە کە رووبەریان زیاتر لە 200 هەزار مەتر چوارگۆشە بێت، بۆ ئەوەی کوالێتیی هەوا باشتر بێت، وەک دەزانین رێژەی سەوزایی کەمترە لە 10٪. لە راستیشدا هەولێر باشترە چونکە ئێمە لە هەولێر چوار وەرزمان هەیە، بەڵام لە پەکین تەنیا دوو وەرزی زۆر درێژ هەن."
 
دەوڵەتی چین لە ساڵی 1978 دەستی بە پرۆژەی درێژخایەنی سێ پشتێنەی سەوزایی باکوور کرد، کە ئێستا بووەتە گەورەترین دارستانی دەستکرد لە جیهاندا.
 
پشتێنەکە لە پانتایی زیاتر لە 4 هەزار و 500 کیلۆمەتر لە بیابانەکانی باکووری چین، بووەتە قەڵخانێکی کاریگەر لەبەرامبەر گەردەلوولە وێرانکەرەکانی بیابانی گۆبی.
 
بڕیارە لە پشتێنەکە تاوەکو ساڵی 2050 نزیکەی 100 ملیار دار بچێندرێن، هاوکات پرۆژەی دارستانە دەستکردەکانی نێو شارەکانیش یارمەتیدەر دەبن بۆ فێنککردنی هەوا و کەمتر دەرکردنی گازی دووانەئۆکسیدی کاربۆن.
 
سەرەڕای ئەو رێژەی بەرزەی سەوزایی لە چین و لە پەکین، هەروەها چین خاوەنی 70٪ـی سۆلەرپانێڵ و  60٪ـی ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەموو جیهانە، رۆژ بە رۆژ پرۆژەی ژینگەدۆستی لە زیادبووندان و پرۆژەی ناژینگەییش لە کەمبووندان، بەڵام ئەمە نەیتوانیوە پەکین بپارێزێ لە گۆڕانەکانی کەشوهەوا و، بیخاتە نێو لیستی پایتەختە خاوێنەکانی دونیا، بەجۆرێک ئەمساڵ شارەکە گەرمترین هاوینی 30 ساڵی رابردووی تۆمار کرد. 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە