رووسیا و ئۆکراینا 190 دیلی جەنگ دەگۆڕنەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رووسیا و ئۆکراینا رۆژی چوارشەممە 190 دیلی جەنگی نێوانیان گۆڕییەوە، لە حەوت هەفتەی رابردوودا ئەمە سێیەم جارە هەردوولا بە نێوەندگیریی ئیماراتی عەرەبی دیلەکان دەگۆڕنەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 17ـی تەممووزی 2024، ڤۆڵۆدێمیر زیلینیسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە راگەیێندراوێکدا ئازادکردنی 95 دیلی ئۆکراینی لەلایەن رووسیا راگەیاند و ئاماژەی بەوەش کرد، لەبەرامبەردا 95 دیلی رووسییان ئازاد کردووە. 
 
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سەربازە دیلەکانیان لەنێو بەندیخانەکانی ئۆکراینا رووبەڕووی "مەترسیی مردن" بوونەتەوە و، هەموو سەربازە ئازادکراوەکان پشکنینی پزیشکی و دەروونییان بۆ دەکرێت. 
 
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکە کە لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد، رووسیا 3 هەزار و 405 سەربازی ئۆکراینی ئازاد کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو دیلانە ئاشکرا نەکراوە کە ئۆکراینا ئازادی کردوون. 
 
مانگی رابردوو ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئۆکراینا هەزار و 348 سەربازی رووسی بە دیل گرتووە، رووسیاش 6 هەزار و 465 سەربازی ئۆکراینا. 
 
28 مانگە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا بەردەوامە. تاوەکو ئێستا مۆسکۆ دەستی بەسەر نزیکەی 20٪ـی خاکی ئۆکراینادا گرتووە.
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەنگەکە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 6.3 ملیۆن دانیشتووی ئۆکراینا و 3.7 ملیۆن کەسی دیکەش وڵاتەکەیان جێهێشتووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە