رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی دەریایی فەرەنسا رایدەگەیێنێت، رۆژی چوارشەممە 17ـی تەممووزی 2024 بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی باکووری فەرەنسا لەکاتی پەڕینەوەی لە نۆکەندی ئینگلیز ژێر ئاو کەوتووە و بەوهۆیەوە کۆچبەرێک خنکاوە و 71 کۆچبەری دیکەش رزگار کراون.
کۆچبەرەکان لەلایەن دەزگەی خزمەتگوزاریی لەناکاوی فەرەنسا بە فڕۆکەیەک، دوو هێلیکۆپتەر و بەلەمێکەوە رزگار کراون.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی فەرەنسا ناسنامەی ئەو کۆچبەرەیان ئاشکرا نەکردووە کە گیانی لەدەستداوە.
پۆلیسی دەریایی فەرەنسا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی کۆچبەرەکان پۆلیسی دەریایی بەریتانیاش بەشدار بووە و بەشێک لە کۆچبەرەکان لەلایەن ئەوانەوە رزگار کراون.
رۆژی هەینی 12ی تەممووز بەلەمێک بە دەیان کۆچبەرەوە لە نۆکەندی ئینگلیز نزیک لە شاری بولن سوغ مێغی فەرەنسا نوقم بووە، هەر زوو چەند تیمێک لە رێگەی هێلیکۆپتەرێک و کەشتی و بەلەمێکەوە چوون بۆ رزگارکردنی کۆچبەرەکان و 66 کۆچبەریان رزگار کرد.
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی حکومەتی بەریتانیا بڵاویکردوونەتەوە، ساڵی رابردوو 29 هەزار و 437 کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا، ژمارەکە بەراورد بە ساڵی پێش ئەوە 36% کەمیکردووە، چونکە لەو ساڵەدا 45 هەزار و 774 کۆچبەر گەیشتبوونە ئەو وڵاتە.
حکومەتی پێشووی بەریتانیا بەمەبەستی ساردکردنەوەی کۆچبەران لە گرتنەبەری رێگەی مەترسیداری نۆکەندی ئینگلیز، کە ساڵانە سەدان کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بەریتانیا تێیدا دەخنکێن، بڕیاریدابوو کۆچبەرانی نایاسایی بنێرێت بۆ رواندا لە رۆژهەڵاتی کیشوەری ئەفریقا.
پلانەکە چەندین بەربەستی یاسایی لە بەریتانیا بۆ دروست بوو و تاوەکو ئێستاش تەنیا دوو کەس، ئەوانیش بە ویستی خۆیان، نێردراونەتە رواندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ