رووداو دیجیتاڵ
راگەیاندنی دۆخی جەنگیی ئەمریکا لەگەڵ هەر وڵاتێکی دیکە ئەرکی کۆنگرێسە لەو وڵاتە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە چووەتە نێو چەندین جەنگ، بەڵام کۆنگرێس رۆڵی نەبووە.
سیناتۆری دیموکراتی ویلایەتی ڤێرجینیا، تیم کەین، لە گوتارێکیدا لە ئەنجوومەنی پیران دەڵێت، لەو کاتەی دەستوور نووسراوەتەوە، زۆربەی وڵاتان بڕیاری پێویستیی جەنگیان بۆ پاشاکانیان جێهێشتبوو.
ئەو سیناتۆرە لەبارەی داڕێژەرانی دەستوور دەڵێت: "داڕێژەرانی دەستوورەکەمان لە ساڵی 1787 بڕیاریان دا کە ئێمە جیاواز بین." گوتیشی، ئەوان ویستوویانە گفتوگۆکان "لەبەرچاوی رای گشتیی ئەمریکا" بکرێن بۆ ئەوەی دیاری بکرێت ئایا جەنگ پێویستە یان نا.
کەین دەڵێت، ئەمریکا هەنگاو بە هەنگاو بەرەو جەنگ دەچێت، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە "دوژمنکاریی راستەوخۆی سەربازی" لەڕێگەی بەکارهێنانی چەکی دروستکراوی ئەمریکا لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ئارادایە.
بەگوێرەی ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە وڵاتەکەی دەبێت بەردەوام بێت لە پێدانی چەکی بەرگری بە ئیسرائیل، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات: "هیچ هۆکارێکی ئەمنیی ناچاری نییە بۆ ئەوەی ئەمریکا بچێتە جەنگەوە لەگەڵ ئێران."
کۆمارییەکان کۆنترۆڵی هەردوو ئەنجوومەنی کۆنگرێس (ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران)ـی کردووە، ئەمەش وایکردووە روون نەبێت کە ئایا پڕۆژەیاساکە دەنگی پێویست بۆ تێپەڕاندنی بەدەستدەهێنێت یان نا.
تاوەکو ئێستا روون نییە ئەمریکا چ رۆڵێک لە ململانێی بەردەوامی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا دەگێڕێت. بەڵام دۆناڵد ترەمپ چەندێک دەسەڵاتی هەیە لە بژاردەی کە ئایا ئەمریکا بەشداریی شەڕەکەدا دەکات یان نا.
بەپێی یاسای ئەمریکا، سەرۆک بە تەنیا دەسەڵاتی راگەیاندنی فەرمیی جەنگی دژی وڵاتێکی دیکە نییە. تەنیا کۆنگرێس دەتوانێت ئەو بڕیارە بدات.
بەڵام یاساکە ئەوەش دەڵێت کە سەرۆک، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە دەتوانێت هێزەکانی ئەمریکا بنێرێت و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکات بەبێ ئەوەی بە فەرمیی رایبگەیێنێت کە وڵاتە لە جەنگدایە.
بۆ نموونە، بڕیارەکەی ترەمپ بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لە سووریا لە ساڵی 2017 دژی حکومەتی بەشار ئەسەد، پێویستی بە رەزامەندیی کۆنگرێس نەبوو. لەبری ئەوە، ترەمپ بە شێوەیەکی تاکلایەنە کاری کرد و ئاماژەی بە هۆکاری ئاسایشی نیشتمانی و مرۆیی کرد.
هەندێک لە یاسادانەران لە هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری هەوڵ دەدەن توانای ترەمپ بۆ فەرمانکردن بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران سنووردار بکەن.
تۆماس ماسیی، نوێنەری کۆماریی ویلایەتی کێنتاکی، رۆژی سێشەممە پڕۆژەیەکی پێشکێش کرد بۆ رێگریکردن لە هەنگاوێکی لەو شێوەیە بەبێ رەزامەندیی کۆنگرێس.
ئەو نوێنەرەی کێنتاکی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئەمە جەنگی ئێمە نییە. تەنانەت ئەگەر جەنگی ئێمەش بووایە، دەبێت کۆنگرێس بەپێی دەستوورەکەمان بڕیار لەسەر بابەتێکی وا بدات."



