رووداو-هەولێر
گەنجێکی ئەمریکیی 20 ساڵ دەڵێت، بەنیازە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا دەنگ بە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بدات. ئەوە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی راپرسییەک، 33٪ـی ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 26 ساڵە، دەنگ بە ترەمپ دەدەن.
دانیێل، هاووڵاتیی ئەمریکی دەڵێت: "دیموکراتەکان باسی هیچ کام لە کێشەکانی من یان کێشەی گەنجانی ئەمریکا ناکەن، یان بڵێم زۆر بە دەگمەن باسی دەکەن."
ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا رکابەری جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان دەکات. لە 333 ملیۆن دانیشتووی ئەمریکا، 244 ملیۆنیان مافی دەنگدانیان هەیە کە 27٪یان تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 28 ساڵدایە.
بەپێی راپرسییەکی رادیۆی نیشتمانیی ئەمریکا، 33٪ـی ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 26 ساڵە دەنگ بە ترەمپ دەدەن و 32٪یشیان دەنگ بە بایدن دەدەن، بەڵام لە هەڵبژاردنی رابردوودا، زیاتر لە 50٪ـی دەنگدەرانی ئەو تەمەنە دەنگیان بە بەربژێری دیموکراتەکان دابوو.
ترەمپ دەیەوێت بە بەکارهێنانی بابەتە ئابوورییەکان دەنگی زیاتری گەنجان بەلای خۆیدا رابکێشێت.
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان دەڵێت: "لە کەمتر لە چوار ساڵدا بەرزبوونەوەی نرخەکان و زیادبوونی هەڵاوسان کابووسی بایدن بوون؛ هەرگیز پێشتر بەم جۆرە نەبوون. خەرجیی خێزانێکی ئاسایی ئەمریکی 28 هەزار دۆلارە. کرێی نیشتەجێبوونی شوێنێکی ئاسایی دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندە بەرزبووەتەوە."
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە 5ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەکرێت. لە زۆربەی ئەو راپرسییانەی کراون، بەربژێری کۆمارییەکان لە پێش دیموکراتەکانە، بەپێی دوایین راپرسی رۆیتەرزیش، ترەمپ 41٪ و بایدن 39٪ـی دەنگەکان بەدەست دەهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ