دڵشاد شەهاب: نێچیرڤان بارزانی بە هەمووانی گوت ئێمە ئامادەین بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەین

18-02-2024
پەیمان محەممەد
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی لە رۆژی سێیەمی کۆنفرانسی میونشن چەندین کۆبوونەوەی گرنگی هەبوو؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''لە کۆبوونەوەکاندا باس لە مەترسییەکانی سەر جێبەجێنەکردنی سیستمی فیدراڵیی عێراق کرا''.
 
رۆژی یەکشەممە، 18-02-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە سێیەم رۆژی 60ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە میونشن گوتی، ''پەیامی هەرێمی کوردستان لەم کۆنفرانسەدا بۆ جیهان و ناوچەکە و ئەو سەرکردانەی بەشدار بوون ئەوە بوو کە ئێمە لەسەر گرتنەبەری سیاسەتی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ دەسەڵاتی فیدراڵیی عێراق بۆ چارەسەری گرفتەکان بەردەوامین".
 
دڵشاد شەهاب گوتی، ئێستا بەرەوپێشچوونێکی رێژەیی لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەدەستهاتووە، ''بەتایبەتی دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میونشن."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن له‌گه‌ڵ ژماره‌يه‌ک سه‌ركرده‌، وەزیری دەرەوە و بەرگریی وڵاتان، شاندی کۆنگرێس و پەرلەمانتاران و بەرپرسانی دیکە ديدار و كۆبوونه‌وه‌ى هەبوو، لەوانەش سەرۆکوەزیرانی عێراق. دڵشاد شەهاب لەوبارەوە گوتی، ''لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسی بودجە و مووچە، دابینکردنی مافی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا".
 
لە رۆژی 25-3-2023ـەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان راگیراوە. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، عێراق لە هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زەرەرمەندی یەکەمە و تا ئێستا چەندین ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.
 
دڵشاد شەهاب ئەوەشی خستەڕوو، بەگشتی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا باس لەو هەڕەشانە کران کە لەسەر هەرێمی کوردستان هەن، وەک بۆردوومانەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر و هەڕەشەی گرووپە ''لەیاسا دەرچووەکان'' کە هێرش دەکەنە سەر ئەمنییەت و ئاسایشی ناوچەکە.
 
لە 17-10-2023ـوە چەندین جار هێرشکراوەتە سەر هێز، بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی ئەمریکا لە شەڕی غەززەدا هاوکاریی ئیسرائیل دەکات. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ''جەخت لەسەر  ئەوە کرایەوە کە ئەمە جێگەی نیگەرانییە، چونکە ئەمنییەتی ناوچەکە هەمووی پێکەوە بەستراوەتەوە".
 
''هەست بە هەڕەشە لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی فیدراڵی دەکرێت''
 
دڵشاد شەهاب دەڵێت، بەشێک لە تەوەری کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تایبەت بوو بە بابەتی نێوخۆیی و هەڕەشەکانی سەر جێبەجێنەبوونی سیستمی فیدراڵی لە عێراق.
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، ''بەشێک لە دەسەڵاتدارانی حکومەتی فیدراڵی بە جۆرێک مامەڵە دەکەن وەک ئەوەی عێراق حکومەتێکی ناوەندی هەبێت؛ بەداخەوە هەندێک لە بەرپرسان پابەندی دەستووری عێراق نین کە مافی فیدراڵی بە هەرێمی کوردستان داوە".
 
''کاریگەرییەکانی نێچیرڤان بازرانی بەرز دەنرخێندرێت''
 
دڵشاد شەهاب گوتی، لە دیدارەکاندا گرنگییەکی زۆر بە رۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست درا؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ''رۆڵی سەرۆکی هەرێـمی کوردستانیش بەهۆی ئەو کاریگەرییەی لەسەر بەیەکگەیاندنی بۆچوونە جیاوازەکان هەیبووە، زۆر بەرز نرخێندرا".
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێـمی کوردستان گوتی، لە کۆبوونەوەکاندا لە زاری زۆرێک لە سەرکردەی وڵاتان و بەرپرسانی بیستووە کە هەرێمی کوردستان جێگەی متمانە و بایەخی نێودەوڵەتییە.
 
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن هەموو ساڵێک لە پایتەختی هەرێمی باڤاریای فیدراڵیی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت؛ ساڵانە زیاتر لە 450 سەرکردە و وەزیری دەرەوە و بەرگری و شاندی دیکەی وڵاتانی لە سەرانسەری جیهانەوە دەچنە میونشن بۆ بەشدایکردن تێیدا.
 
هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان 
 
ئەمڕۆ یەکشممە، 18ی شوباتی 2024، زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا گوتی: "ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ جاری یازدەیەم، لەبارەی بڕیاردان بۆ دوو سکاڵای هاوشێوە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەمواری پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنەکە، دانیشتنەکەی دواخست."
 
لەو بارەیەوە، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی ئەو دوو ئەندامە کوردەی لە دادگەی فیدراڵین، نیگەرانیی خۆیان گەیاندووە؛ "لەوە زیاتر دوا بکەوێت، کاریگەریی زۆر نەرێنی بەجێدەهێڵێت. ناشێ قەدەری هەرێمی کوردستان بدەنە دەست ئەو دواخستنانەی دادگەی فیدراڵی و دەستەوەستان بن. دەخوازین سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای بڕیاردانی دادگەی فیدراڵی کاتێک بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دیار بکات و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت."
 
لەبارەی دەستوەردان لە کەیسی سکاڵای یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دڵشاد شەهاب گوتی: "هیوادارین ئەو بڕیارەی دەدرێت بڕیارێک بێت، ببێتە هۆکاری رێکخستن و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان."
 
لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک هێرشکراوەتە سەر هەرێمی کوردستان؛ دوایین جار هێرشی سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەدارێکی شاری هەولێر بوو. هێرشەکە کاژێر 11:30 خوولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە مووشەک کرایە سەر شاری هەولێر و بەو هۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16ـی دیکە بریندار بوون. 
 
لەو بارەیەوە، دڵشاد شەهاب رایگەیاند، هەرێمی کوردستان "بە هیچ شێوەیەک نەبووەتە هەڕەشە بۆ هیچ لایەنێک و ناشبێت. پەیامی ئێمە بۆ دراوسێیەکانیشمان روونە. ئێمە کە بە دنیا دەڵێین 11 مووشەکی بالیستی خانووێکی سڤیلی پێ بۆردوومان کراوە، سەریان سوڕ دەمێنێت. ئەمە چ دراوسێیەتییەکە، هیچ کەسێک لە دونیا تەفسیری بۆ ئەمە نییە. هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی ئەو هەڕەشانە لەسەر هەرێم کەم ببنەوە. داواکاری بەردەواممان لە دیدارەکانی ئێرەشدا، حکومەتی یەکگرتووی عێراق بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت، پارێزگاری لە خاکی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بکات."
 
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان 
 
رۆژی 25ـی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا. 
 
دڵشاد شەهاب لە وەڵامی پرسیاری زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کە لێی پرسی، هیچ پێشکەوتنێک هەیە لە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە ئەروپا کە داواکارییەکی زۆری لەسەرە؟ گوتی: "دەمێکە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق و تورکیا لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی ئەم پرسە چارەسەر بکرێت. ئەوان دووپاتیان کردووەتەوە ئامادەیی تەواویان تێدا هەیە کە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە. شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشی بڕیوە."
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەرەنجامی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و گفتوگۆکردن لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان گوتی: "لە دوا سەردانیش لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی بەرەوپێشچوونێکی باش هەیە. ئەو ناکۆکییەی ئێستا هەیە، لەسەر تێچووی وەبەرهێنانە. ئەوەش جیاوازە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، چونکە کاتی خۆی هەرێمی کوردستان بەناچاری لەبەر بڕینی بودجە دەستی بۆ ئەوە برد کە پشت بە خۆی ببەستێ و نەوت بفرۆشێت. ئێمە لە هەرێمی کوردستان پارەمان نەبووە کۆمپانیا بێنین و حەقیا پێبدەین بۆ ئەوەی پشکین و دەرهێنانی نەوتمان بۆ بکەن. ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی ببنە شەریکی ئێمە لە نەوت. ئەوەش شتێکی نامۆ نییە، هەموو قەباڵە و گرێبەستەکانمان داوەتە حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو وردەکارییەکانیان پێشکەش کردوون. عێراق لەبەر ئەوەی دەوڵەتە و هەموو بیرەنەوت و شتەکان هیی خۆیان بووە، ئەوان تەنیا پارەی خزمەتگوزاری دەدەن، پارەی شتی دیکە نادەن و کەس شەریکیان نییە.. ئێستا ویستێکی گشتی هەیە و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بڕوای وایە زەرەرمەندی یەکەم عێراقە. رەنگە زیانەکانی نەفرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 8 ملیار تێپەڕبووبێت."
 
پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا
 
یاسای بودجەى گشتی، کە لە 12ی حوزەیرانی ساڵی 2023 لە پەرلەمان پەسندکرا و لە 26ـى هەمان مانگدا لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە؛ قەبارەکەی 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە، بەڵام دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە، کێشە کەوتە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداوە. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، محەممەد شیاع سوودانی لیژنەیەکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە پێکهێناوە.
 
لەو بارەیەوە، دڵشاد شەهاب گوتی: "پشکی بودجە، ئەمە بەشی هەرێم نییە لە گشتیی بودجە؛ ستەمێکی زۆرمان لێ کرا لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەوەی ئێمە لەسەری رێککەوتبووین لەگەڵ حکومەتی عێراقی ئەوە نەبوو کە 12٪ لە ئینفاقی فیعلییە. ئینفاقی فیعلی واتا بەکردەیی مانگێک چەند پارە خەرج دەکرێت لە عێراق، لەو خەرجییەدا ئەو رێژەیەمان پێ دەدرێت. ئەمە پشت بە بارودۆخی عێراق دەبەستێت کە ئەمە هیچ یەکسانییەکی تێدا نییە. پێوەری سیستمی فیدراڵیش نییە. کە ئێمە دەڵێن ناتێگەیشتن لە سیستمی فیدراڵیدا هەیە، ئەمە خاڵێکە لەوان. ئەم جووڵانەوەیە لەگەڵ پاریزگاکان دەکرێت نەک هەرێمێکی سەربەخۆ، مافی ئێمە دەبێت لە هەموو داهاتەکانی عێراقدا هەبێت. پرسیاری ئێمە ئەوەیە، ئەی ئەو داهاتەی خەرج نابێت، حەقی هەرێم بۆ کەیە؟ ئەگەر چووە خەزێنەی دەوڵەت، داهاتی خەزێنەی دەوڵەت بەرز بووەوە، حەقی هەرێم چی؟ ئەمە و کۆمەڵێک پرسیاری دیکە. بەڵام ئەو تەرخانکراوە بۆ سووککردنی باری قورس و مووچەی فەرمانبەرانە، بەردەوامیش دەبێت. کە خەرجی کردەیی پارێزگاکان زیاد دەبێت، رێژەی ئێمەش زیاد دەبێت."
 
خەرجیی کردەیی "الانفاق الفعلي"، بریتییە لە خەرجییەکانی تایبەت بە مووچەی مووچەخۆران و خەرجییەکانی تایبەت بە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەو چەمکە لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی سەردەمی پۆڵ برێمەر، حاکمی مەدەنیی عێراق لەدوای ساڵی 2003ـەوە هەیە، بەپێی ئەوە پشت بە خەرجیی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەبەسترێت بۆ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
 
سەبارەت بە سەردانی شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دوای دواخستنی سکاڵاکەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ بەغدا و ئایا بەغدا ئەو کێشەیە بە سیاسی یان بە کێشەیەکی تەکنیکی دەبینێت، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە: "کێشەکە ئەوەیە کاری ئێمە کەوتووەتە لای دوو دەزگا، هەردووکیان سەربەخۆن. یەکێکیان دادگەیە کە دەبێت سەربەخۆ بێت، ئەوەی دیکە کۆمیسیۆنە کە دەبێت سەربەخۆ بێت. تاوەکو ئێستا لە بڕیاری دادگە نائومێد نەبووین. بڕیارە رۆژی چوارشەممە ئەو بڕیارە بدرێت. هیوادارین ئەو بڕیارە رێگە بۆ هەڵبژاردن خۆش بکات. سەبارەت بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی دیکە، گرنگە هەڵبژاردن بکرێت، تاوەکو ئێمە لەو بۆشاییە یاساییەی کە پەرلەمانی کوردستانە و کۆمەڵێک لێکەوتەی دیکەیە نەجاتمان ببێت. چاوەڕێین و ئۆمێدیشمان زۆرە، بەردەوامیش لەگەل کۆمیسیۆن لەسەر هێڵین. تاوەکو ئەم خولەکەی ئێستا کۆمیسیۆن لە رووی کاتەوە لە مەترسیدا نییە. واتا ئەگەر رۆژی چوارشەممەش بڕیار بدرێت، بڕیارێکی وا بێت کە شایەنی جێبەجێکردن بێت، کۆمیسیۆن دەتوانێت خۆی رێکبخاتەوە و پێش تواوبوونی وادەی خۆی، ئومێدمان زۆرە کە دەتوانێت هەڵبژاردن ئەنجام بدات."
 

 

 

 
 
 
 

 

 

 

 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە