رووداو دیجیتاڵ
ڤاتیکان رۆژی سێشەممە رایگەیاند کە پزیشکەکان لە نەشتەرگەرییەکدا کە 90 خولەکی خایاندووە، بەشێک لە سییەکانی پاپا لیۆی چواردەیەم، رێبەری کڵێسای کاسۆلیکییان دەرهێناوە، دوای ئەوەی دەرکەوتووە کە گرێیەکی شێرپەنجەیی تێدایە.
لە راگەیێندراوێکی فەرمیی ڤاتیکاندا هاتووە کە پاپا دوای نەشتەرگەرییەکە "بە شێوەیەکی ئاسایی هۆشی هاتووەتەوە" و ئێستا براوەتەوە بۆ ژوورەکەی خۆی لە نهۆمی دەیەمی نەخۆشخانەی جێمێللی لە شاری رۆما. هاوکات سەرچاوەیەک لە ڤاتیکان ئاشکرای کرد کە تەندروستیی پاپا لە دۆخێکی جێگیردایە و تەنانەت دوای بەئاگابوونەوەی داوای نانی ئێوارەی کردووە.
ڤاتیکان لە روونکردنەوەکەیدا سەبارەت بە نەشتەرگەرییەکە گوتی، "بۆ دڵنیابوون لە بنبڕکردنی تەواوەتیی نەخۆشییەکە، پزیشکەکان بەشی خوارەوەی لای راستی سییەکانیان دەرهێناوە. ئەنجامی نەشتەرگەرییەکەش ئەو دەستنیشانکردنەی پشتڕاستکردەوە کە پێشتر لە رێگەی پشکنینەکانەوە گومانی لێدەکرا، کە جۆرێکە لە شێرپەنجەی سییەکان."
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە نەشتەرگەرییەکە سێ کاژێری خایاندووە و پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە و هیچ لێکەوتە و ئاڵۆزییەکی تەندروستی نەبووە.



