سوپای ئەمریکا 14 سەکۆی هەڵدانی مووشەکی حووسییەکان دەکاتە ئامانج

18-01-2024
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن حووسییەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئەمریکا رایدەگەیێنێت، 14 سەکۆی مووشەکی حووسییەکانیان لەنێو یەمەن کردووەتە ئامانج، کە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور ئامادە کرابوون. 
 
رۆژی پێنجشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2024، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند "ئەو مووشەکانە لەلایەن حووسییەکانەوە ئامادە کرابوون، کە وەکو هەڕەشەیەک بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بەکاربهێندرێن."
 
بەگوێرەی سوپای ئەمریکا، هێرشەکە کاژێر 11:59 خولەکی شەوی چوارشەممە بەکاتی سەنعای پایتەختی یەمەن (هەمان کات بەکاتی هەولێر)کراوە. سێنتکۆم دەڵێت "ئەمریکا بە مافی خۆی دەزانێت، بەرگری لە هێزەکانی خۆی بکات."
 
ئەم هێرشە لەکاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە، 17-1-2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، حووسییەکانی یەمەن لە 30 رۆژی داهاتوودا دەخرێنە لیستی تیرۆرەوە، ئەگەر هێرشەکانیان لە دەریای سوور رانەگرن. بەگوێرەی وەزارەتەکە بڕیارەکە لە 16-2-2024 جێبەجێ دەکرێت و دەبێت حووسییەکان لەو 30 رۆژەدا هێرشەکانیان بووەستێنن.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئەم بڕیارە لە 16-2-2024 جێبەجێ دەکرێت و ئەگەر حووسییەکان لەو 30 رۆژەدا هێرشەکانیان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بووەستێنن، ئەمریکا پێداچوونەوە بەو بڕیارە دەکات.
 
رۆژی 12-1-2024، سوپاکانی ئەمریکا و بەریتانیا بەهاوبەشیی چەند وڵاتێکی دیکە، چەند هێرشێکیان کردە سەر چەند بنکەیەکی حووسییەکان لە سنووری چوار شاری یەمەن. ئەمەش دوای ئەوە هات، ئەمریکا و بەریتانیا هۆشدارییان دابووە گرووپە یەمەنییەکە هێرشەکانی لە دەریای سوور بووەستێنێت.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، هێرشەکە بە فەرمانی ئەو و بۆ بەرگریی لە خۆکردن کراوە.
 
نووسینگەی ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش ئەوکاتە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "هێرشە سەربازییەکان یاسایی بوون. ئامانج لەو هێرشانە ئەوە بوو؛ توانای حووسییەکان کەم بکرێتەوە. ئەوە تاکە رێگە بوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان و بەگوێرەی مادەی 51 لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون." 
 
هەمان رۆژ گوتەبێژی حووسییەکانیش گوتی، ئەمریکا و بەریتانیا 73 هێرشیان کردە سەر یەمەن و بە قسەی ئەو گوتەبێژە "پێنج کەس لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکان شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون."
 
بزووتنەوەی حووسییەکان یان ئەنساروڵڵا لە ساڵی 1994 وەک گرووپێکی ئیسلامی دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکانی کردووە و، بارەگای سەرەکیی لە سەنعای پایتەختی یەمەنە، بە گرووپێکی نزیک لە ئێران دەبینرێت. تائێستا چەندین حکومەت و وڵات ئەو گرووپەیان رەتکردووەتەوە و دانی پێدانانێن لەوانەش: ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن، سعودیە، ئیمارات، فەرەنسا، هۆڵەندا، ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا، ئیتاڵیا، دانیمارک و نەرویج.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساڵانە لە 10ی موحەڕەم زیارەتکارێکی زۆری شیعەمەزهەب لە سەرتاسەری جیهان سەردانی عێراق دەکەن و لە نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە، ژمارەی زیارەتکارانی ئێرانی و پاکستانی پشکی شێریان بەردەکەوێت.

دەرفەتی کار لە عێراق بۆ پاکستانییەکان زیاتر دەبێت

بەغدا و ئیسلام ئاباد بەنیازن یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەن و رێکبکەون لەمەودوا دەرفەتی کاری زیاتر بۆ پاکستانییەکان لە عێراق بڕەخسێندرێت، ئەمەش وادەکات هاووڵاتییانی پاکستانی بە نایاسایی لە وڵاتەکە نەمێننەوە.