رووداو- رۆژنامەی تایمز
15 مەلای بەریتانیا لە نامەیەكی كراوەدا كوشتنی دەیڤید هەینز لەلایەن داعشەوە ئیدانە دەكەن و داوا لە هەموو مزگەوتێكی ئەو وڵاتە دەكەن، كە دوعا بكەن بۆ رزگاربوونی ئالان هێنینگ، كە ئێستا لە دەستی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعشە.
ئالان لە كۆتایی ڤیدیۆی سەربڕینی دەیڤید هەینز دەركەوتووە و لە لایەن چەكدارانی داعشەوە هەڕەشەی سەربڕینی لێكراوە.
دەیڤید هەینز و ئالان هێنینگ دوو چالاكڤانی بەریتانی بوون، كە هاریكاری مرۆیی خەڵكی سووریایان كردووە، كە بەهۆی شەڕی سێ ساڵەی ئەو وڵاتەوە ئاوارە بوون. هەفتەی رابردوو داعش دەیڤید هەینزی سەربڕی و لە كۆتایی ڤیدیۆكەدا ئالان هینیگیان پیشاندا و بە حكومەتی بەریتانیان راگەیاند كە ئەگەر شەڕ دژی داعش نەوەستێنێت ئەوا ئەویش سەردەبڕن.
ئەو 15 مەلایە لەو نامەیەدا دەنووسن: "كوشتنی ترسنۆكانەی دەیڤید هەینز بە دەستی گروپێكی تیرۆریستی بەناوی داعش بەریتانیای زۆر خەفەتبار كردووە".
ئەو مەلایانە كە هەم شیعە و هەم سوننەیان تێدایە، لەدوای سەرەخۆشی لە خێزانی دەیڤید هەینز كە هەفتەی رابردوو لە لایەن داعشەوە كوژرا، داوا لە زیاد لە 1700 مزگەوت لە بەریتانیا دەكەن كە لە دوعاكانیاندا بەردەوام بن بۆ ئالان هینینگ، ئەو بەریتانیەی كە ئێستا لە دەست چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامییە.
ئالان هێنینگ لە بەریتانیا شۆفیری تاكسی بووە و دوای ئەوەی لەگەڵ گروپێكی موسڵمانی بەریتانی بۆ سێیەم جار روودەكاتە سووریا بۆ گەیاندنی هاریكاری مرۆیی لەلایەن گروپی داعش لە سەرەتای ساڵی رابردوو (2013)دەرفێندرێت.



