تورکیا و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا گلەییان لە کەمیی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گەیاندنی هاوکارییەکان هەیە

17-02-2023
مەجید نیزامەدین گلی
مەجید نیزامەدین گلی @MajeedGly
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و گوتەبێژەکەی
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و گوتەبێژەکەی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هیچ وڵات و رێکخراوێک لە جیهاندا ئەوەندەی نەتەوە یەکگرتووەکان توانای لۆجستی و ئەزموون و ئامادەباشی نییە بۆ گەیاندنی کۆمەک لە دۆخی کارەساتدا. لە ماوەیەکی کورتدا نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت هەزاران تۆن خۆراک و دەرمان و هەموو پێداویستییەک بگوازێتەوە بۆ هەر جێگەیەکی جیهان. 
 
کاتێک کارەساتی بوومەلەرزە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان روویدا، راستەوخۆ زۆربەی وڵاتانی کۆمەکبەخش ئامادەباشیان نیشاندا بۆ پشتگیری لە هەر هەوڵێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ناردنی کۆمەک و هاوکاری بۆ  تورکیا و سووریا، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان شکستی هێنا. 
 
خەریکە دەبێتە دوو هەفتە، بەرپرسانی تورکیا و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێشتا گلەییان لە کەمی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە بە تایبەتی لە باکووری رۆژئاوای سووریا. 
 
پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ستێفان دوژاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان 
 
رووداو: من لەگەڵ سەرچاوەی لۆکاڵی قسەم کردووە بەتایبەتی لە ناوچەی جندرێس و عەفرین کە دوو ناوچەن زۆرترین زیانی بوومەلەرزەکەی بەرکەوتووە، ئەو خەڵکە دەزانن چ کۆمەکێک دێت و چی نایەت بۆ ئەو ناوچانە. تۆڕی میدیایی رووداو تیمان هەیە لەو ناوچانە. هەموویان یەک شتێک دەڵێن: 'ئێمە هیچ کۆمەکێکی نەتەوە یەکگرتووەکانمان لەو ناوچانە نەبینیوە.' کەس ناڵێت کۆمەکی نەتەوە یەکگرتووەکانمان بینیوە لەو ناوچانە. لە کاتێکدا ئەوان دەڵێن، ئەو کۆمەکانەی کە دێن لە وڵاتانی وەکو قەتەر، هەرێمی کوردستانی عێراق و ئیماراتەوە دێن، بەڵام دەڵێن هێشتا هیچ کۆمەکێکی نەتەوە یەکگرتووەکانمان نەبینیوە. ئایا کۆمەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کوێ دەڕوات؟ 
 
ستێفان دوژاریک: لە رێگەی هاوبەشە لۆکاڵییەکانمان، کۆمەک دابەش دەکەین لەو ناوچانەی کە چەکدارانی یاخیبوو کۆنترۆڵی دەکەن. من ناتوانم باسی وردەکاری ئەو جێگایانە بکەم کە ئەو خەڵکەی ئێوە تێیدان. من دەتوانم لەسەر ئەو وردەکارییانە بکۆڵمەوە. بەڵام ئێمە کۆمەک لە رێگای جیاوازەوە دابەش دەکەین. یەکێکیان ئەو کۆمەکانەن کە پێشتر لەوێ هەبوون. رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو WFP و UNHCR و UNFPA پێشتر شتومەکیان گەیاندبوو و ئامادەیان کردبوو و لە رێگەی هاوبەشە لۆکاڵییەکانەوە دابەشی دەکەن. 
 
هەروەها سەرچاوەیەکی سکرتاریەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، "کێشەکە لە کەمی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە، بەڵکو لە گەورەیی کارەساتەکە و زۆری پێداویستییەکانە." لەبەر ئەوە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەپەلە داوا لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی دەوڵەمەندی کۆمەکبەخش دەکات کە بەپەلە ملیارێک دۆلار بۆ تورکیا و 397 ملیۆن دۆلار بۆ سووریا دابین بکەن.
 
ئەنتۆنیۆ گوتێراش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "ئەمڕۆ من رایدەگەیێنم کە نەتەوە یەکگرتووەکان داواکاری کۆکردنەوەی بڕی 397 ملیۆن دۆلار دەستپێدەکات بۆ یارمەتیدانی ئەو ناوچە لێقەوماوانەی بوومەرزەکەی سووریا. ئەمەش بودجەی کۆمەکی سێ مانگ دەبێت."    

 

 
پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ لەیلا بەکر، بەڕێوەبەری هەرێمی وڵاتە عەرەبییەکان لە رێکخراوی UNFPA
 
رووداو: لە کاتێکدا گرووپە جیهادییە عەرەبییەکان عەفرین و دەوروبەری کۆنترۆڵ دەکەن، چەندێک لەو کۆمەکە دەگاتە زەرەمەندانی ئەم بوومەرزەیە لە سووریا کە بەشێکی زۆریان کوردن؟ 
 
لەیلا بەکر: ئێمە متمانەی تەواومان بە هاوبەشە لۆکاڵییەکانمان هەیە کە دەتوانن کۆمەک و هاوکارییەکان دابەشبکەن بە شێوەیەکی رێکوپێک. دەیگەیێننە دەستی ئەوانەی لە زۆرترین مەترسیدان. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی توانای دابەشکردنی ئەو هەموو کۆمەکەی نییە، بەڵکو لەم دۆخەدا ناچارە کە کۆمەکە بداتە رێکخراوی لۆکاڵی لە سووریا و تورکیاش بۆ ئەوەی دابەشی بکەن کە بەشێکی زۆریان سەر بە حکومەتی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریان. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە