جێگرەکەی ترەمپ پاڵپشتیکاری ئیسرائیلە: ئامانجی یەکەممان کۆتاییهێنانی جەنگی غەززەیە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە یەکەم رۆژی کۆنگرەی نیشتمانیی کۆمارییەکان دا، جەی دی ڤانس، سیناتۆری ویلایەتی ئۆهایۆ لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بەربژێر کرا بۆ پۆستی جێگری سەرۆک. ئەو بڕیارەی ترەمپ بە چاوەڕواننەکراو دادەنرێت، بەهۆی ئەوەی ڤانس سیاسەتڤانێکی گەنجە و لە رابردووشدا بە یەکێک لە رەخنەگرانی سیاسەتەکانی ترەمپ دەناسرا. 

 

بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، ڤانس بەوە ناسراوە کە پاڵپشتیکارێکی سەرسەختی ئیسرائیلە، هەروەها دژی ئێران و سیاسەتەکانی تارانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

 

ڤانس لەدوای دەستنیشانکردنی وەکو جێگری دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژادنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا؛ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی ئەرکی ئیسرائیلی قورستر کردووە بۆ لەنێوبردنی حەماس و رایگەیاند، سیاسەتەکانی ئیدارەی بایدن وایان کردووە ئەو جەنگە درێژە بکێشێت، هەروەها ئاڵنگاریی بۆ نزیکبوونەوەی ئیسرائیل و سعودیەش دروست کردووە.
 
ئەو گەنجە تەمەن 39 ساڵە بەوەش ناسراوە، نووسەری یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێبەکانە لە ساڵی 2006، کە تایبەت بووە بە ژیاننامەی خۆی، تێیدا باس لەوە دەکات کە چۆن لە ناوچەیەکی دوورە دەستی باشووری ویلایەتی ئۆهایۆ و لە خێزانێکی هەژار توانیویەتی بەشی یاسا لە زانکۆی ناسراوی یەڵی ئەمریکا تەواو بکات، دواتریش ببێتە سیناتۆر.
 
ڤانس لەگەڵ ئەوەدایە، بەزووترین کات جەنگە نۆ مانگییەکەی غەززە کۆتایی پێبێت، "تاوەکو ئیسرائیلییەکان و وڵاتانی عەرەبی سوننە، بەرەیەکی یەکگرتوو دژی ئێران پێکبهێنن."
 
لە یەکەم هەڤپەیڤینیدا، لەدوای هەڵبژاردنی وەکو بەربژێر بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی، ئەو دەڵێت، "بایدن لە جەنگی دژە تیرۆردا خۆی بەدەستەوە داوە،" ئەمەش بەوەی بە تەواوەتی پاڵپشتیی ئیسرائیلی نەکردووە دژی حەماس لەو جەنگەی لە 7ی ئۆکتۆبەری پارەوە سەریهەڵداوە.
 
هەروەها ئەو سیاسەتڤانە تووندە تەمەن 39 ساڵە گوتیشی، "ئەوەی بایدن کردوویەتی، جیهانی خراپتر کردووە. لەگەڵ ئەوەی جەنگی غەززەی درێژتر کردووەتەوە، لە هەمان کاتیشدا هەنگاوەکانی بەو ئاراستەیە بوون کە بەدەستهێنانی ئاشتیی زیاتر دوورخستووەتەوە. ئێمە دوو ئامانجمان هەیە؛ یەکەمیان کۆتاییهێنانی جەنگی غەززەیە بەزووترین کات. دووەمیش لەدوای جەنگ، زیندووکردنەوەی پرۆسەی ئاشتەوایی نێوان ئیسرائیل و سعودیە و ئوردن و وڵاتانی دیکە."
 
بە بۆچوونی ڤانس، گرنگترین دەستکەوتی دیپلۆماسیی چوار ساڵەی ئیدارەی ترەمپ، رێککەوتنی ئەبراهەم بوو لەنێوان ئیسرائیل و هەر سێ وڵاتی ئیمارات، بەحرێن و مەغریب.
 
لەبارەی ئەو رێککەوتنەی ساڵی 2020 کە لە کۆشکی سپی و بە سەرپەرشتیی ترەمپ واژۆ کرا، ڤانس گوتی، "هەرگیز بڕوام نەدەکرد، لە ژیانمدا ئەو رێککەوتنە ببینم. ئەو رێککەوتنە دەرفەتێکی راستەقینەی نزیکبوونەوەی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی سوننەی هێنایە پێشەوە، ئەمەش بۆئەوەی ئەو وڵاتانە پێکەوە کار بکەن بۆ دروستکردنی بەرەیەک لە دژی ئێران."
 
لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکاش بۆ وەڵامدانەوەی ‌هێرشەکانی نۆ مانگی رابردووی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا، ئەو سیاسەتڤانە کۆمارییە دەڵێت، "زۆر کەس هەست بەوە دەکەن کە دەبێت کارێک لە دژی ئێران بکەین، بەڵام ئەو بۆردوومانە لاوازانەش نا. ئەگەر دەتەوێت بۆکسێک بە ئێرانییەکاندا بکێشیت، ئەوا دەبێت بە تووندی پێیاندا بکێشیت."
 
ڤانس ئاماژەی بە کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێرانی لەلایەن ئەمریکاوە لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لە 3ی کانوونی دووەمی 2020 کرد، پێچەوانەی بۆچوونە گشتییەکە، ئەو پێیوایە ئەو هەنگاوەی ئیدارەی ئەوکاتی ترەمپ، ئاشتیی زیاتری بۆ ناوچەکە هێنا و گوتیشی، "ئێرانییەکانی لە چالاکییەکانیان خاو کردەوە."
 
بە گوتەی خۆی، هاوشێوەی ترەمپ، ئەویش ئەجێندای "ئەمریکا یەکەم" پەیڕەو دەکات، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک، بەوەی هەموو بڕیارێکی سیاسەتی دەرەوەیان، یەکەمجار بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا رەچاو دەکرێت، ئینجا بەرژەوەندیی وڵاتانی دیکە.
 
ڤانس لە ساڵی 2005 لە هێزی مارێنزدا بووە و بۆ ماوەی شەش مانگیش لە عێراق لەگەڵ سوپای ئەمریکا خزمەتی کردووە، بەڵام دژی ئەو جەنگەیە و دەڵێت، "بە شانازییەوە خزمەتی وڵاتەکەمم کرد، بەڵام کاتێک چوومە عێراق و راستییەکانم بینی، زانیم درۆم لەگەڵ کراوە و لەگەڵ ئەوەی بەڵێنی دروستکردنی سیاسەتێکی گونجاوی دەرەوە درابوو، بەڵام ئەوە تەنیا نووکتە بوو."
 
ئەو زیاتر لەبارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگی عێراقەوە قسە دەکات و دەڵێت، "لە عێراق پێش داگیرکردنەکە، ملیۆن و نیوێک کریستیان لەو وڵاتە هەبوون. ئێستا ژمارەیەکی زۆر کەم کریستیان لە عێراقدا ماون. ئەمە بەرهەمی کرێکارییەکەی ئەمریکا بوو لە عێراق؛ ئەو وڵاتە بووەتە گەورەترین هاوپەیمانی ئێران لە ناوچەکە، هەروەها کەمبوونەوەی ژمارەی کریستیانەکان لەو وڵاتە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساڵانە لە 10ی موحەڕەم زیارەتکارێکی زۆری شیعەمەزهەب لە سەرتاسەری جیهان سەردانی عێراق دەکەن و لە نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە، ژمارەی زیارەتکارانی ئێرانی و پاکستانی پشکی شێریان بەردەکەوێت.

دەرفەتی کار لە عێراق بۆ پاکستانییەکان زیاتر دەبێت

بەغدا و ئیسلام ئاباد بەنیازن یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەن و رێکبکەون لەمەودوا دەرفەتی کاری زیاتر بۆ پاکستانییەکان لە عێراق بڕەخسێندرێت، ئەمەش وادەکات هاووڵاتییانی پاکستانی بە نایاسایی لە وڵاتەکە نەمێننەوە.