رووداو دیجیتاڵ
لە دووسڵدۆرفی ئەڵمانیا تەقینەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون روویدا و بەهۆیەوە لانیکەم سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 19 کەسی دیکەش بریندار بوون.
تەقینەوەیەک بەیانیی رۆژی پێنجشەممە بەکاتی شارەکەی رۆژئاوای ئەڵمانیا لە باڵەخانەیەکی شەش نهۆمی روویداوە.
تاوەکو ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە دیار نییە، پۆلیس لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە و گومان دەکرێت بەهۆی لێچوونی گازەوە روویدابێت.
بەگوێرەی بەرپرسانی فریاکەوتنی ئەڵمانیا، ئاگر لە دووکانێکی باڵەخانەکە لە ناوچەی فلینگێرنی دووسڵدۆرف کەوتووەتەوە؛ دوو لەوانەی بریندار بوونە، برینەکانیان سەختە.
گوتەبێژێکی بەشی ئاگرکوژێنەوە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، کاتێک گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بینیویانە ئاگرێکی گەورە لە دووکانەکە بەرزدەبێتەوە.
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی بڵاویشکراونەتەوە، بەشی دەرەوەی چەند نهۆمێکی باڵەخانەکەش بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە رەش هەڵگەڕاون. هاوکات، ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کە لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکەوە نزیکبوونە، سووتاون و زیانیان بەرکەوتووە.
بەرپرسانی فریاکەوتنی دووسڵدۆرف دەڵێت، لانیکەم 16 کەسیان لە ئاگرەکە رزگار کردووە و بەشێکیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون و چارەسەر وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ