بەهۆی لەباوەشکردنی راوێژکاری ئەڵمانیا، پیاوێک بە زیاتر لە 5000 دۆلار سزادرا

16-04-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەیەکی ئەڵمانیا سزای پێبژاردنی بە بڕی 5100 دۆلار بەسەر پیاوێکدا سەپاند، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2023 راوێژکاری ئەڵمانیای لەباوەش گرتبوو.
 
رۆژی سێشەممە 15ی نیسانی 2025 دادگەی فرانکفۆرت کەسێکی سزادا بەهۆی ئەوەی ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیای لەباوەش کردووە.
 
پیاوەکە تەمەنی 50 ساڵە و جگە لەوەی دادگە بە 5100 دۆلار سزای پێبژاردنی بەسەردا سەپاند، بۆ دوو ساڵ و نیویش شۆفێریکردنی لێ قەدەخە کرد.
 
رووداوەکە لە ئایاری 2023 لە فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت روویداوە، لەوکاتەدا ئۆلاف شۆڵتز لە بانکی ناوەندیی ئەورووپاوە کە بارەگاکەی لە فرانکفۆرتە دەگەڕایەوە بەرلین.
 
پیاوەکە لە دادگە دانی بەوەدا ناوە کە مادەی هۆشبەری بەکارهێناوە و بە هەڵە چووەتە نێو کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی راوێژکاری ئەڵمانیا.
 
کاتێک کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی شۆڵتز لەنێو فڕۆکەخانە وەستاون، پیاوەکە تەوقەی لەگەڵ راوێژکاری وڵاتەکەی کردووە و باوەشی پێدا کردووە.
 
وۆڵفانگ بویچنەر، گوتەبێژی راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، شۆڵتز سەلامەت بووە و پیاوەکە مەبەستی نەبووە زیانی پێبگەیێنێت. 
 
رۆژەکانی ئۆلاف شۆڵتز وەک راوێژکاری ئەڵمانیا بەرەو کۆتایی دەچن. پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ) رۆژی 6ـی ئایار کۆدەبێتەوە و بڕیارە فریدریک مێزتز وەک راوێژکاری داهاتووی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرێت، ئەوەش دوای ئەوەی پارتی کریستیان دیموکرات و یەکێتی کریستیان سۆسیالیست لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکرات لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێککەوتن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە