رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت، سەرۆکی وڵاتەکەی بە تەلەفۆن لەگەڵ سوڵتانی عومان قسەی کردووە، باسی کۆبوونەوەی داهاتووی شاندی ئەمریکی و ئێرانی و هێرشەکانی ئەمریکای بۆسەر حووسییەکان کردووە.
رۆژی سێشەممە 15ی نیسانی 2025 کارۆلین لیڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و هەیسەم بن تاریق، سوڵتانی سەڵتەنەتی عومان بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتیشی، "سەرۆک روونیکردەوە کە دانوستان و گفتوگۆی لەگەڵ ئێران دەوێت، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە هەرگیز نابێت ئێران بتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت." ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی ئەمریکا گوتوویەتی سیاسەتی "زۆرترین گوشار لەسەر ئێران بەردەوام دەبێت."
شەممە شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان کۆبوونەوە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا ترەمپ و هەیسەم بن تاریق کۆبوونەوەکەی شەممەیان بە "ئەرێنی" ناوبردووە.
هەر رۆژی سێشەممە نووسینگەی نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئێکس راگەیێندراوێکی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکای بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو، "هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەبێت مەرجەکانی ترەمپ (دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا)ی تێدابێت." ئاماژە بەوەش کرد، "هەر رێککەوتنێک واژۆبکرێت، دەبێت چوارچێوەیەک بۆ ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابنێت."
ویتکۆف گوتی، "پێویستە ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم و پڕۆگرامی دروستکردنی چەک رابگرێت و نەیانهێڵێت"؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە "زۆر گرنگە بۆ جیهان رێککەوتنێکی بەهێز و دادپەروەرانە بکەین کە درێژمەودا بێت."
پێشتر ترەمپ گوتبووی، دەکرێت ئێران "ببێتە وڵاتێکی نایاب ئەگەر واز لە بیرۆکەی چەکی ئەتۆمی بێنێت"، بەڵام روونینەکردەوە ئایا داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکات یان تەنیا دەیەوێت نەیگەیێنێتە ئاستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی وڵاتەکەیان و سوڵتانی عومان باسیان لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکانی یەمەنیش کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ