پێکهاتە جیاوازەکان بەیەکەوە لۆس ئەنجلس بنیات دەنێنەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینان تونجدەمیر
پاشماوەی چەند ئۆتۆتمبێلێک دوای ئاگرەکە. وێنە: رووداو
پاشماوەی چەند ئۆتۆتمبێلێک دوای ئاگرەکە. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس دوای هەفتەیەک کۆنترۆڵ کرا و ئێستا کۆمەڵگە دەستی بە چارەسەرکردنی برینەکانی خۆی کردووە. لەم چوارچێوەیەدا لە نەتەوە جیاوازەکانەوە بگرە تا ئایینە جیاوازەکان بە شێوەیەکی تایبەت موسڵمانان، کریستیانەکان و ئایینەکانی دیکە هاوکاری یەکدی دەکەن.
 
سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداو چووەتە شارەکە و دانیشتووانەکەی دەدوێنێت.
 
رووداو لە هاووڵاتییەکی موسڵمانی شارەکەی پرسی، "ئێمە دەزانین کە ئاگرەکە کێشەیەکی گەورە بوو و کاریگەری خستە سەر کۆمەڵگەی موسڵمانان. دەتوانیت بۆمان باس بکەیت چۆن ئاگرەکە کاریگەری خستە سەر کۆمەڵگەی موسڵمانان؟ ئایا مزگەوتەکەتان سووتا؟".
 
ئەشرەف ئەکبەر ئاماژەی بەوەدا، "باشە، لێرە مزگەوتێک هەیە. ناوی مزگەوتەکە مەسجید ئەلتەقوایە. ئەو مزگەوتە سووتا، بە تەواوی سووتا، ئەو ناوچەیەی مزگەوتەکە نزیکەی 100 هەزار موسڵمانی تێدایە. ئێمە بە تەواوی نازانین، بەڵام نزیکەی 100 هەزار یان 150 هەزار موسڵمان لەو ناوچەیە دەژین".
 
پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ چەند دانیشتوویەکی شارەکە: 
 
رووداو: ئایا تۆ کەسێک دەناسیت لەم ئاگرەدا ماڵەکەی سووتابێت؟
 
ئەشرەف ئەکبەر لەوبارەیەوە دەڵێت: "تاوەکو ئێستا من ئیمامی مزگەوتەکە دەناسم، سێ خانووی هەبوو، هەموو خانووەکانی سووتاون و ماڵی هەندێک خوشک و برای موسڵمانی تریش سووتاون."
 
خەڵکەکە دەڵێن، لە لۆس ئەنجلس نزیکەی نیو ملیۆن موسڵمان دەژین و هەوڵ دەدەن جارێکی تر مزگەوتەکەیان دروست بکەنەوە.
 
رووداو: چۆن پلانتان داناوە بۆ ئەوەی مزگەوتەکەتان دروست بکەنەوە؟
 
ئەنیسور رەحمان غازی، هاوڵاتییەکی دیکەی مسوڵمانە و باس لەوە دەکات: "بەڵێ، من پێشتر لە بەرپرسانم پرسی سەبارەت بە براکەمان، گوتی پارەیان هەیە و کۆیشی دەکەنەوە. بۆیە ئێمە هەموو گەل، گەلی موسڵمان، بە هەموو شێوەیەک یارمەتییان دەدەین بۆ ئەوەی مزگەوتەکە دروست بکرێتەوە ئینشاڵڵا".
 
رووداو: من کەمێک پێش ئێستا بەرەو ستاندی موسڵمانان چووم، و دەبینم ئێوەش ستاندتان هەیە کە ئایینێکی جیاوازە. راستی زۆر باشە کە مرۆڤ ئێوە لە لای یەکدی ببینێت. ئێوە ئەم پەیوەندییەی خۆتان لەگەڵ کۆمەڵگەکە و لەگەڵ خەڵکی ئێرە چۆن دەبینن و چۆن یارمەتی ئەو کەسانە دەدەن کە لە ئاگرەکە زەرەرمەند بوون؟
 
کەنال ئاناندپوری، دانیشتوویێکی بە رەگەز هیندیی شارەکەیە و سەر بە ئایینی سیخەکانە لەبارەی هاوکاری ئایینە جیاوازەکانەوە ئاماژە بەوە دەکات: بەڵێ، راستە. ئێمە وەکو مرۆڤایەتی دەیبینین. ئێمە نەژادە جیاوازەکان وەکو خۆمان دەبینین. ئێمە مرۆڤەکان وەکو خۆمان دەبینین. ئێمە مرۆڤایەتی دەبینین. برا موسڵمانەکانیش وەکو ئێمەن. ئەوان لێرەن بۆ ئەوەی روو لە کۆمەڵگە بکەن، یارمەتی ئەو خێزانانە دەدەن کە لێرەن. ئێمەش بۆ هەمان شت لێرەین، بۆ ئەوەی پشتگیریی یەکتر بکەین. ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی پشتگیریی مرۆڤایەتی بکەین و بۆ ئەوەی دەستی یارمەتی بۆ هەموو کەسێک درێژ بکەین".
 
لە ئاگرەکەی لۆس ئانجلس نزیکەی 12 هەزار ماڵ سووتاون. نازانرێت چەند کات دەخایێنێت بۆ ئەوەی ئەو ماڵانە جارێکی دیکە دروست بکرێنەوە، بەڵام ئەوەی دەزانرێت ئەوەیە کە کۆمەڵگەی لۆس ئەنجلس یارمەتی یەکدی دەدەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە