جۆ بایدن: پابەندین بە پاراستنی هێز و هاوبەشەکانمان لە عێراق

15-04-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئەمریکا پابەندە بە پاراستنی ئەمنییەتی کارمەند و پێرسۆنێلەکان و هابەشەکانیان، لەنێویاندا عێراق.
 
هاوکات، سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراقیشی کرد بۆ تیشکخستنە سەر ئابووری وڵاتەکەی و سەربەخۆیی وزە.
 
رۆژی دووشەممە، 15ـی نیسانی 2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد. 
 
بایدن و سوودانی قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد. بایدن گوتی، "ئەمریکا پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، ئێمە پابەندین بە راگەیاندنی ئاگربەستێک کە بارمتەکان دەگەڕێنێتەوە ماڵەوە و رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو گرژییە دەکات کە ئێستا هەیە، ئێمە هەروەها پابەندین بە پاراستنی ئەمنییەتی کارمەند و پێرسۆنێلەکان و هابەشەکانمان، لەنێویاندا عێراق".
 
 
بایدن باسی لە گرنگی پەیوەندی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و گوتی، "هاوبەشی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گرنگە، ئێمە لە دەیەی رابردوو بینیومانە کاتێک کە سەربازەکانمان شانبەشانی یەکدی کاریان بۆ شکستپێهێنانی داعش کردووە، هەروەها ئەوەشمان لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوانمان بینیوە".
 
بایدن سوپاسی سوودانی کرد کە "سەرنج دەخەیتە سەر ئابووریی و سەربەخۆیی عێراق.. دەمانەوێ ئەمڕۆ زیاتر گفتوگۆ لەسەر ئەمە بکەین.. هاوبەشیمان بۆ وڵاتەکانمان، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان گرنگە."
 
هاوکات سوودانی باسی لە گرنگی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات کرد و گوتی، "پەیوەندیی نێوان عێراق و یلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وێستگەیەکی گرنگ بەخۆوە دەبینێت."
 
هەروەها سوودانی گوتیشی، بەرنامەی دروستمان داڕشتووە بۆ گواستنەوەی سەربازیی لە رێگەی لێژنەی باڵای سەربازیی دوو قۆڵی کە هەڵوێستی سەربازی و بارودۆخی ئۆپەراسیۆنەکان و گەشەپێدان و تواناکانی هێزە ئەمنییەکان هەڵدەسەنگێنێت و پابەند دەبین بە دەرهاویشتەکانی ئەو لێژنەیە." 
 
عێراق و ئەمریکا لە ساڵی 2008دا دوو رێککەوتنیان واژۆکرد؛ یەکەمیان ناسراوە بە "رێککەوتنی سۆفا" و دووەمیان "رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی". 
 
رێککەوتنی یەکەمیان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کانوونی یەکەمی 2011 کۆتاییهات. دووەمیان رێککەوتنێکی فراوانە و تەنیا لایەنی ئەمنی ناگرێتەوە، بەڵکو بابەتی سیاسی، دیپلۆماسی، رۆشنبیری، خوێندن، ژینگە و زۆر بابەتی دیکەی لەخۆگرتووە و هیچ کاتێکیش بۆ کۆتاییهاتنی دیاری نەکراوە.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر بانگهێشتی فەرمیی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.
 
بەپێی بڵاوکراوەی ئەجێندای شاندە عێراقییەکە، کە لە 13ـی ئەم مانگە گەیشتنە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تاوەکو 19ـی نیسان لە ئەمریکا دەبن و دۆسیەی سیاسی، ئابووری، سەربازی و ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە