رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتیی شاندێکی حکومی گەیشتە پاریس و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
ئەمشەو چوارشەممە، 15-02-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە پاریس و بڕیارە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆببێتەوە و تاوتوێی "پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا لە هەموو بوارەکاندا" بکەن.
هەر ئەمڕۆ؛ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رۆژی پێنجشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبێتەوە.
سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەکرد، کۆبوونەوەکە لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییانەیە کە پێشتر هەبوون. گوتیشی: "فەرەنسا لە رووی هەڵوێست و پەیوەندییەکانەوە پێگەی خۆی لە هەرێمی کوردستان هەبووە و هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ فەرەنسا ئەو پێگەیەی خۆی هەیە."
فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەندامە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و لە هەرێمی کوردستان و عێراق سەرباز و راوێژکاری هەیە.
لەبارەی بەرنامەی کاری سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، سەفین دزەیی گوتی: "لەسەر دۆخی ناوچەکە گفتوگۆ دەکرێت؛ هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنی و ئابووری دەکرێت؛ هەروەها لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و پەیوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بەگشتی و بەتایبەت فەرەنسا گفتوگۆ دەکرێت."
هەرێمی کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوانیان هەیە و دوو سەرۆکی دوایی فەرەنساش سەردانی هەولێریان کردووە.
لە ئەیلوولی 2014دا فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی ئەو کاتی فەرەنسا سەردانی هەولێری کرد و ئابی 2021یش ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ