رووداو دیجیتاڵ
کەسێک بە چەکەوە هەڵدەکوتێتە سەر خێوەتگەی کۆچبەران لە جەنگەڵی دانکیخ لە فەرەنسا و دوو هاونیشتمانیی کورد دەکوژێت و ژمارەیەکی دیکەش بریندار دەکات.
رووداوەکە کاژێر 07:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر روویداوە. رەنج پشدەری، چالاکڤان و رۆژنامەڤان هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی "تەقەکەرەکە بە رەچەڵەکە فەرەنسییە و بە ئۆتۆمبێل چووتە نێو خێوەتگەی دانکیخ، پاسەوان و خەڵکەکەش وایانزانیوە هاوکاری بردووە بۆ کۆچبەرەکان، بەڵام چەکی دەرهێناوە و بە هەڕەمەکی تەقەی لە خێوەتنشینەکان کردووە."
رەنج پشدەری گوتی "دوو کەس کوژراون کە هاونیشتمانیی رۆژهەڵاتی کوردستانن و یەکێکیان ناوی هادییە و ئەوی دیکەش ناوی محەممەدە، بەڵام نازانرێت بریندارەکان کێن و چەندن."
ئەو کۆچبەرانە کە لە جەنگەڵی دانکیخ ماونەتەوە و چاوەڕێن بپەڕنەوە بۆ خاکی بەریتانیا.
بەگوتەی رەنج پشدەری، تەقەکەرەکە دەمامکی نەبەستووە و لە کامێراکانیش بە روونی دەرکەوتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە.
جەنگەڵستانی دانکیخ کە بە دووری 235 کێلۆمەتر دەکەوێتە باکووری پاریس لە وڵاتی فەرەنسا، شوێنی قاچاخیچی و کۆچبەرانە "ئەوێ بەمانای وشە جەنگەڵە و یاسا تێیدا سەروەر نییە. ئەوەی لەو جەنگەڵە حاکمە، قاچاخچییەکانن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ