ئەورووپا خۆی بۆ قۆناخی گەڕانەوەی ترەمپ ئامادە دەکات؛ 'رووبەڕووی جیهانێکی ئاڵۆزتر دەبینەوە'

15-11-2024
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەورووپا.
کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەورووپا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەورووپا خۆی بۆ قۆناخی گەڕانەوەی ترەمپ ئامادە دەکات. پەرلەمانتارێک دەڵێت، رووبەڕووی جیهانێکی ئاڵۆزتر دەبینەوە. 
 
پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێی پەیوەندییەکانی دوای هەڵبژاردنی ترەمپ لەگەڵ ئەمریکا دەکات. 
 
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا پێش دەستبەکاربوونی ترەمپ ماڵئاوایی لە پۆستەکەی دەکات. بەڵام ترسی لە پەیوەندیی نێوان ئەورووپا و ئەمریکا هەیە و تەنانەت پێیوایە بازرگانیی جیهانیش هەڕەشەی لەسەرە. 
 
جۆزێپ بۆرێل دەڵێت: "دەرهاویشتەکان بۆ پەیوەندیی دووقۆڵیی ئێمە گەورە دەبن، ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە بە رێژەی 10٪ پێناسەی گومرگی زیاد بکات. ئەگەر ئەمە بکات، کاریگەری دەکەوێتە سەر ئابووریمان. ئەو هەروەها باسی 60٪ پێناسەی گومرگی کردووە لەسەر بەرهەمە چینییەکان، ئەمەش کاریگەری دەخاتە سەر بازاڕی جیهان." 
 
پەرلەمانتارانی ئەورووپا داوای کۆدەنگی و یەکهەڵوێستیی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا دەکەن. 
 
ئیڤا مایدڵ، پەرلەمانتاری یەکێتیی ئەورووپایە و دەڵێت: "پێموایە کە زۆر گرنگە لێرەوە دان بەوەدا بنێین، لە 5ـی تشرینی دووەمەوە ئێمە رووبەڕووی جیهانێکی ئاڵۆزتر دەبینەوە؛ هەربۆیە پێویستە وەڵامی ئێمە دەستبەجێ بێت و هەنگاو لەخۆ بگرێت. ئەورووپا کاتی ئەوەی لەبەر دەست نییە چیدیکە ئەو بڕیار و هەنگاوانە دوابخات کە ئێستا زۆر پێویستمان پێیانە. زۆر گرنگە کە ئێمە لەو خاڵانەی لە پێشینەن روونتر بین، هەروەها بەرگری لە بەهاکانمان بکەین." 
 
براند بێنیفای گەنجێکی پەرلەمانتاری ئیتاڵییە. بەرپرسە لە راگرتنی باڵانسی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا. لەدوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەورووپا دەڵێت: "پێموایە کە زۆر گرنگە پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ ئەمریکا هەبێت، بەڵام بۆ ئەوە پێویستە ئەورووپایەکی بەهێز هەبێت. ئەمە مانای وایە، بۆ ئەوەی بەسەر جیاوازییەکانمان زاڵبین، پێویستە لە ئەورووپا هەوڵی زیاتری سیاسی بدەین بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن؛ هەروەها پێویستە دەستبەجێ لە شێوازی کارکردنمان دەست بە چاکسازی بکەین. ئەمڕۆ لەسەر چەندین مژار قورسە بڕیاری بە کۆمەڵ بدەین، چونکە چەند وڵاتێک مافی ڤیتۆیان هەیە. لەبری ئەوە، پێویستە دەنگی زۆرینە لەسەر چەند مژارێک قبوڵبکەین، لەوانەش سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتی دارایی، کە تێیاندا ئێمە پێویستیمان بە کۆدەنگیی وڵاتانی ئەندام هەیە بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بچین."
 
نەک هەر پەرلەمان، بەڵکو دەزگاکانی دیکەشی یەکێتیی ئەورووپا و زۆربەی وڵاتانی یەکێتییەکە بە ترسەوە چاوەڕێی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ دەکەن. 
 
دۆناڵد ترەمپ، 5ـی تشرینی دووەم کێبڕکێی سەرۆکایەتیی لە کامالا هاریسی دیموکرات بردەوە و رۆژی 20ـی کانوونی دووەمی 2025 وەکو 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە