رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند پلانی وەرگرتنی کۆچبەرانی لە ئیتاڵیاوە راگرتووە، ئەمەش لەچوارچێوەی پلانی یەکێتیی ئەوروپایە کە هەموو وڵاتێکی ئەوروپی خۆشبەخشانە ژمارەیەک کۆچبەر کە لە رێگەی بەلەمەوە خۆیان گەیاندووەتە ئیتاڵیا، وەربگرن، ئەم بڕیارەی ئەڵمانیاش رەنگە قەیرانێکی نوێی کۆچبەران لە ئەوروپا دروست بکات.
رۆژی چوارشەممە، 13ی ئەیلوولی 2023، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند بەهۆی ئەوەی گوشارێکی زۆری کۆچبەران لەسەر وڵاتەکەیان هەیە، ناتوانێت پلانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ سووککردنی گوشاری سەر ئیتاڵیا، جێبەجێ بکات.
ئامانج لەو بەرنامە تایبەتەی یەکێتیی ئەوروپا، بۆ ئاسانکردنی گوشارەکانی سەر ئیتاڵیایە، کە بە سەنگەری پێشەوەی هاتنی کۆچبەران دادەنرێت. بەگوێرەی ئەو بەرنامەیە، بڕیاربوو ئەڵمانیا سێ هەزار و 500 کۆچبەر لە ئیتاڵیا وەربگرێت، بەڵام تائێستا هەزار و 700ی وەرگرتووە، پێش بڕیارەکەی رۆژی چوارشەممە.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا کە بەرپرسیارە لە پرسی کۆچبەران لەو وڵاتە، گوتی، "بەهۆی ئەو گوشارە زۆرەی لەسەر ئەڵمانیا هەیە بۆ وەرگرتنی کۆچبەران، ئێستا ئەڵمانیا رووبەڕووی قەیرانی شوێنی مانەوە و پڕبوونی کامپەکانی کۆچبەران بووەتەوە و بەهۆی ئەمەشەوە، بەرلین ئیتاڵیای ئاگادار کردووەتەوە بۆ راگرتنی وەرگرتنی کۆچبەران تاوەکو کاتێکی نادیار".
لە ساڵی 2015 و 2016، لەگەڵ فراوانبوونی شەڕی داعش، ئەڵمانیا زیاتر لە ملیۆنێک کۆچبەری وەرگرت، کە زۆربەیان خەڵکی عێراق و سووریا بوون.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە دوو مانگی رابردوودا، شەپۆلێکی نوێی کۆچبەران رووی لە وڵاتەکە کردووە. لە مانگی تەممووزدا 10 هەزار و 714 کۆچبەر چوونەتە ئەڵمانیا، مانگی ئابی رابردووش 15 هەزار و 100 کۆچبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ