هواوی سیستمێکی پێشبینیی کەشوهەوا پەرەپێدەدات؛ 10 هەزار هێندەی سیستمەکانی ئێستا خێراترە

14-07-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای هواوی سیستمێکی پێشبینیکردنی کەشوهەوا پەرەپێدەدات کە 10 هەزار هێندەی ئەو سیستمانە وردتر و خێراترە ئێستا لە جیهاندا کاریان پێدەکرێت. سیستمەکە پشت بە زیرەکیی دەستکرد و ئاماری 43 ساڵی رابردووی کەشوهەوای جیهان دەبەستێت.
 
پانگو وێزەر، یەکەم مۆدێلی پێشبینیکردنی کەشوهەوای ژیریی دەستکردە کە بە شێوەیەکی بەرچاو لە سیستمە ژمارەییەکانی ئێستای جیهان وردتر و بەهێزترە؛ سیستمەکە لەماوەی چەند چرکەیەکدا پێشبینییەکانی لێکدەداتەوە و 10 هەزار هێندەی مۆدێلە کۆنەکانی پێشبینیکردنی کەشوهەوا خێرایە.
 
سیستمەکە لەلایەن تیمێک لە ئەندازیارانی کۆمپانیای هواوی بە ناوی "هواوی کڵاود" پەرەی پێدراوە؛ هەرچەندە پێشتر دەگوترا سیستمی ژیری دەستکردن ناتوانێت سەرکەوتووتر بێت لەو سیستمانەی ئێستا بەردەستن، بەڵام توێژینەوەیەکی 20 لاپەڕەیی ئەو تیمەی هواوی کە لە گۆڤاری نەیچەردا بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات چیدیکە ئەو بیرکردنەوەی راست نییە.
 
نەیچەر یەکێک لە گەورەترین گۆڤارە زانستییەکانی جیهانە و توێژینەوە زۆر وردە زانستییەکانی زانایانی جیهانی تێدا بڵاودەکرێتەوە.گۆڤارەکە بەریتانییە و لە لەندەن دەردەچێت. ئەوە جاری یەکەمە لە مێژووی دەیان ساڵەی ئەو گۆڤارەدا زانایانی کۆمپانیایەکی تەکنەلۆجی چینی توێژینەوەیەکیان بڵاوبێتەوە.
 
جیاوازیی پانگو وێزەر لەگەڵ مۆدێلەکانی دیکەی ژیری دەستکرد بۆ پێشبینیکردنی کەشوهەوا چییە؟
 
لە 30 ساڵی رابردوودا سیستمی پێشبینیکردنی کەشوهەوای ژمارەیی بەشێوەیەکی بەرچاو پێشکەوتوو بووە و توانیویەتی ئاگاداریی هەستیار بۆ کارەساتە ژینگەییەکان و گۆڕانی کەشوهەوا بکات. بەڵام هێشتا سیستمەکان کاتی زۆریان پێدەچێت بۆ ئەو پێشبینیانە.
 
بۆ ئەوەی بتوانرێت بە خێراییەکی زیاتر یان زووتر پێشبینی کارەساتە سرووشتییەکانی وەک زریانی بەهێز بکرێت، زاناکان هەوڵیان داوە پشت بە ژیری دەستکرد ببەستن، بەڵام تاوەکو ئێستا سیستمەکانی ژیریی دەستکرد لە ئاستێکی خوارتری سیستمە ژمارەییەکانەوەن، چونکە نەیانتوانیوە پێشبینییەکی راستەقینە و خێرا بۆ ئەو کارەساتە لەپڕانەی جیهان بکەن.
 
هەموو ساڵێک نزیکەی 80 زریان لە جیهاندا روودەدەن کە بە گوێرەی وەزارەتی مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوە لەپڕەکانی چین، لانیکەم 750 ملیۆن دۆلار زیان بە ژێرخانی جیهان دەگەیێنن. بۆیە تاوەکو زووتر ئاگاداری بنێردرێت، زیانە مادی و گیانییەکان کەمتر دەبنەوە.
 
لەبەرئەوەی ئەو سیستمە ژیرییە دەستکردانەی ئێستا بەردەستن و بۆ پێشبینیکردنی کەشوهەوا بەکاردەهێنرێن خێران، جێگەی سەرنج بوون، بەڵام زۆر ورد نین، ئەویش لەبەر دوو هۆکار؛ یەکەم، ئەو سیستمانەی پێشبینیکردنی کەشوهەوا کە پشت بە ژیری دەستکرد دەبەستن، تەنیا دەتوانن کار لەسەر تۆڕی زانیاریی دوو رەهەندی بکەن و توانای لێکدانەوەی تۆڕی زانیاری ئاڵۆزی ژینگەیی سێ رەهەندییان نییە. دووەم، چاودێریکردنی مەودا مامناوەندی کەشوهەوا بە ژیری دەستکرد، دەکرێت دووچاری هەڵە ببێت کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە زانیاریی لە یەک کاتدا بۆ دەنێردرێت.
 
پانگو وێزەرەکەی هواوی چۆن ئەو کێشانە چارەسەر دەکات؟
 
پانگو تاقیکراوەتەوە و توانایەکی زیاتری لە سیستمە ژمارەییەکانی پێشبینیکردن نیشانداوە و دەرکەوتووە کە 10 هەزار هێندەی سیستمە ژمارەییەکان خێرایە. مۆدێلەکە دەتوانێت لەماوەی چەند چرکەیەکی کەمدا پێشبینی شێ، خێرایی با، پلەی گەرما و بەرزی و نزمی ئاستی ئاوی دەریا بکات.
 
سیستمەکەی هواوی مۆدێلێکی سێ رەهەندی بەکاردەهێنێت کە ناوی گوێزەرەوەی سێ رەهەندی وردی زەوییە. بەکارهێنانی ئەو مۆدێلە لە تۆڕی زانیاری و چاودێریکردنی کەشوهەوا، هاوکاری سیستمی ژیرییە دەستکردەکەی هواوی دەکات لە لێکدانەوەی زانیاری کەشناسی ئاڵۆز خۆی رابهێنێت.
 
سیستمەکە لەسەر پێشبینی یەک کاژێری، سێ کاژێری، شەش و 24 کاژێری راهێنراوە. ئەمەش وایکردووە ئەگەری هەڵەکردن لە پێشبینیکردنی کەشوهەوادا کەمبکاتەوە و کاتی پێشبینیکردن خێرابکات.
 
توێژەران بۆ ئەوەی راهێنانی زیاتر بە سیستمەکە بکەن، پێشبینیکردنی 100 ماوەی کاتییان بە پشبەستن بە ئاماری کەشناسی ساڵی 1979 بۆ 2021 لەسەر تاقیکردووەتەوە. هەریەک لەو تاقیکردنەوانەش 16 رۆژی خایاندووە بۆ ئەوەی بەباشی سیستمەکە رابهێنرێت.
 
ئێستا سیستمی پانگو وێزەر دەتوانێت تەنیا لە ماوەی 1.4 چرکەدا پێشبینییەکی وردی کەشوهەوای جیهان بکات. تیان شی، سەرۆکی زانایانی تیمی هواوی کڵاود لەبارەی گرنگی سیستمە نوێیەکەی پێشبینیکردنی کەشوهەوا دەڵێت، "پێشبینیکردنی کەشوهەوا یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکانی هەژمارکردنی زانستی، چونکە پێشبینیکردنی کەشناسی زۆر ئاڵۆزە و سەختە هەموو زانیارییە بیرکاری و فیزیاییەکان بەیەکەوە ببەستیتەوە."
 
مانگی ئایاری ئەمساڵ، زریانی ماوەر وەک یەکێک لە بەهێزترین زریانەکانی ئەمساڵ سەرنجی جیهانی چووە سەر. بە گوێرەی بەڕێوبەرایەتی کەشناسی چین، پانگو وێزەر توانیویەتی 5 رۆژ بەر لەوەی زریانەکە بگاتە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی تایوان، پێشبینی بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.