رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا 289 منداڵ و مێرمنداڵ لە رێگەی چوونیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە رێگەی نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاستدا خنکاون و لەنێویاندا هاونیشتمانی هەن.
رۆژی هەینی، 14ـی تەممووزی 2023، ئاژانسی تایبەت بە هاوکاریکردنی منداڵانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان- یونیسێف بڵاویکردەوە، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023دا و لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە باکووری کیشوەری ئەفریقاوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە رێگەی نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاستدا 289 منداڵ و مێرمنداڵ گیانیان لەدەستداوە کە ئەوەش دوو ئەوەندەی هەمان ماوەی ساڵی 2022ـە.
ئاماری راستەقینەی مردنی منداڵ و مێرمنداڵان ئەگەری هەیە زیاتر بێت لەوەی کە راگەیێندراوە و لەو بارەیەوە ڤرینا کناوس، سەرۆکی کاروباری پەنابەران لە ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "ئاماری مردنی منداڵان لەو رێگەیەدا زۆر زیاترە لەوەی راگەیێندراوە لەبەر ئەوەی بەشێک لە بەلەمی کۆچبەران کە نووقمی ژێر ئاو دەبن، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی کە بێسەروشوێن دەبن، تۆمارناکرێن".
بەشێک لەو منداڵانەی کە لەو رێگەیەوە دەگەنە ئەوروپا لە دایک و باوکیان ونبوون یان جیابوونەتەوە. رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە کۆی سێ هەزار و 300 منداڵ کە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا کە گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا، 71٪یان بە جیابووەوە یان بێ چاودێری دایک و باوکیان تۆمارکراون، ئەوەش سێ ئەوەندەی هەمان کاتی ساڵی پێشووە.
بە گوێرەی ئاماری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی ئەو منداڵ و مێرمنداڵانەی کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا هەوڵی گەیشتنیان بە وڵاتانی ئەوروپا داوە لە رێگەی نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاستدا 11 هەزار و 600 کەس بوون و ئەوەش دوو ئەوەندەی هەمان ماوەی ساڵی 2022ە.
رۆژی 14ی حوزەیران، بەلەمێکی کۆچبەران کە لە رێگەی نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاستدا لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتبوو، لە ئاوەکانی یۆنان نوقمی ژێر ئاو بوو و نزیکەی 82 کەس مردن و چەندانی دیکەش بێسەروشووێن بوون، لە نێو مردوواندا هاونیشتیمانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان هەبوون. یەکێک لە رزگاربووانی ئەو بەلەمە بۆ رووداو گوتی، 11 هاونیشتیمانی لەسەر ئەو بەلەمە بوون و چەند هاونیشتیمانییەک رزگاریان بوو، ئەوانی دیکەش بێسەروشوێن بوون.
رێگەی نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاست رێگەی چوونی کۆچبەرانی لە وڵاتانی تونس و لیبیاوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا کە زۆربەیان دەپەڕنەوە لیبیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ