ترەمپ بۆ ئێران: واز لە بیرۆکەی بۆمبی ئەتۆمی بهێنن، ئەگەرنا وەڵامی تووندمان دەبێت

14-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ پێیوایە ئێران "بە ئەنقەست" رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا دوادەخات و گوتی، ئەوان دەبێت واز لە خەونی چەکی ئەتۆمی بهێنن، ئەگەرنا دووچاری بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان دەبنەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 14-04-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئێرانەوە گوتی: "پێموایە کات بەفیڕۆ دەدەن." .
 
ترەمپ گوتی: "دەبێت ئێران واز لە بیرۆکەی چەکی ئەتۆمی بهێنێت. نابێت ئەوان چەکی ئەتۆمییان هەبێت."
 
رۆژنامەڤانێک پرسیاری لێکرد، ئایا ئەمریکا بژارەی هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی لەبەردەست دایە؟ ترەمپ گوتی: "بێگومان لەبەردەستی دایە."
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، پێویستە ئێرانییەکان بەخێرایی شتێک بکەن بۆ ئەوەی لە وەڵامێکی "تووند" دووربن، "چونکە ئەوان لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکن."
 
ئەمە لە کاتێکدایە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رۆژی شەممە لە عومان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆبووەوە.
 
هەردوو لایەن گوتیان گفتوگۆی "بەرهەمدار" و "ئەرێنی"ـیان کردووە. بڕیارە جارێکی دیکە شەممەی داهاتوو کۆببنەوە. سەرچاوەیەک گوتی، پێدەچێت ئەمجارە لە رۆمای ئیتاڵیا یەکدی ببینن.
 
ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە رۆیتەرزی راگەیاندووە: "دانوستاندنەکان لەبارەی دۆزینەوەی رێگەی نوێ بۆ چوارچێوەیەکی فراوان بۆ گەیشتنە رێککەوتن دەبن."
 
دەقی قسەکانی ترەمپ لەبارەی ئێران: 
 
دەبێت ئەوان زۆر بەخێرایی کێشەی خۆیان چارەسەر بکەن. ئێران دەیەوێت لەگەڵمان رێکبکەوێت، بەڵام نازانن چۆن. ئەوان بەڕاستی نازانن چۆن. رۆژی شەممە کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵیان هەبوو. کۆبوونەوەیەکی دیکەمان داناوە بۆ شەممەی داهاتوو. گوتم ئەوە کاتێکی درێژە. دەزانیت، ئەوە کاتێکی درێژە. بۆیە، پێموایە لەوانەیە بیانەوێت دەرفەتەکە بقۆزنەوە. بەڵام ئێران دەبێت واز لە بیرۆکەی چەکی ئەتۆمی بهێنێت. ناکرێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت. ئەمیش [سەرۆکی سلڤادۆر] ناتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت. ناتوانین رێگە بەهیچ کەسێک بدەین چەکی ئەتۆمی هەبێت. ناتوانین رێگە بەوە بدەین. پێموایە ئەوان بەکارمان دەهێنن چونکە ئەوان راهاتوون رێککەوتن لەگەڵ کەسانی گەمژە لەم وڵاتەدا بکەن. بەشێوەیەکی نایاب ئیدارەی ئێرانم کرد. هیچ هێرشێک نەبوو. 7ـی ئۆکتۆبەریش لە ئیسرائیل کە حەماس کردی، هەرگیز رووینەدەدا، چونکە ئێران مایەپووچ بوو، زۆر مایەپووچ بوو ئەو کاتەی سەرۆک بووم. دەمەوێت ئەوان ببنە وڵاتێکی دەوڵەمەند و گەورە. تەنها شتێک هەیە. سادەیە، زۆر سادەیە. ناکرێت چەکی ئەتۆمیان هەبێت و دەبێت پەلە بکەن چونکە ئەوان تاڕادەیەک نزیکن کە چەکی ئەتۆمیان هەبێت. ناشبێت هەیانبێت. ئەگەر ناچاریش بین شتێکی زۆر تووند بکەین، دەیکەین. من ئەمە بۆ ئێمە ناکەم، ئەمە بۆ جیهان دەکەم. ئەمانە خەڵکی رادیکاڵن. ناشبێت چەکی ئەتۆمیان هەبێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خۆپێشاندانی ئەمریکییەکان لە دژی ترەمپ لە واشنتن، "رژێمی فاشیستی ترەمپ دەبێت ئێستا بڕوات." وێنە: AFP

لە ئەمریکا بە درووشمی 'نا بۆ پاشایەتی' خۆپێشاندان لە دژی ترەمپ کرا

هەزاران ئەمریکی لە واشنتنی پایتەخت و چەندین شاری دیکەی ئەمریکا دژی سیاسەت و رێکارە نوێیەکانی حکومەتی ئەمریکا، هەروەها سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر بە جەنگەکانی ئۆکراینا و غەززە خۆپێشاندانیان کرد.