رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە شەش مانگی رابردوودا 708 قاچاخچی کۆچبەرانیان دەستگیرکردووە و ئەو پەناخوازانەی ئەم ساڵ داوای مافی پەنابەریێتییان کردووە 19.2٪ی کەمترە بەراورد بە هەمان ماوەی پار.
نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لەبارەی رێکارەکانی وڵاتەکەی دژی کۆچبەران رایگەیاند، "لە تشرینی یەکەمی رابردووەوە، پاسەوانی سنوورمان 708 قاچاخچی کۆچبەرانیان دەستگیرکردووە و رێگریشیان لە هاتنی 17 هەزار و 600 کۆچبەری نایاسایی کردووە." هەروەها دەشڵێت، ئەو پەناخوازانەی ئەم ساڵ داوای مافی پەنابەریێتییان کردووە 19.2٪ی کەمترە بەراورد بە هەمان ماوەی پار.
بە گوێرەی نووسینگەی فیدراڵیی کۆچبەران و ئاوارەکانی ئەڵمانیا، سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، 71 هەزار و 61 پەناخواز داوای مافی پەنابەریێتییان کردووە کە نۆ هەزار و 917 داوای کەمترە لە هەمان ماوەی پار.
دەستگیرکردنی قاچاخچییەکان و رێگریردن لەو ژمارە زۆرە کۆچبەرە، دوای ئەوە دێت کە تشرینی یەکەمی رابردوو حکومەتی ئەڵمانیا ژمارەیەک رێکاری بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی کۆچبەران راگەیاند کە گرنگترینیان زیادکردنی خاڵەکانی پشکنین بوو لەسەر سنوورەکانیان لەگەڵ چێک، پۆڵەندا و سویسڕا.
حکومەتی وڵاتەکە نیازی هەیە ژمارەیەک رێکاری دیکەش بەو ئاڕاستەیەدا جێبەجێ بکات؛ لەوانەش دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەناخوازانەی کەیسەکانیان رەتکراوەتەوە.
بەگوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، پار 293 هەزار کۆچبەر گەیشتنە وڵاتانی ئەورووپا و چوار هەزار و 64 کۆچبەریش لەو رێگەیەدا مردن؛ ئەم ساڵ تاوەکو 8ی نیسان، 41 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتانە و 591 کۆچبەریش لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ