رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا داوا لە هێزە گەمارۆدراوەکانی ئۆکراینا لە هەرێمی کورسکی رووسیا دەکات، "خۆیان بەدەستەوە بدەن." ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای کرد ژیانی ئەو سەربازە ئۆکراینییانە بپارێزرێت.
رووسیا لە هەفتەی رابردوودا هێرشێکی خێرای پێچەوانەی لە ناوچەی سنووریی رۆژئاوای وڵاتەکەی دەستپێکرد و، بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵ کردەوە کە ئۆکراینا لە هێرشێکی کتوپڕدا لە مانگی ئابی پار دەستی بەسەردا گرتن.
شکستی ئۆکراینا لە کورسک گورزێکی گەورە دەبێت بۆ پلانەکانی کیێڤ بۆ بەکارهێنانی ناوچەکە وەکو کارتێکی گوشار لە دانوستاندنەکانی داهاتوو لەگەڵ مۆسکۆ.
رۆژێک دوای ئەوەی کە لەبارەی ئاگربەست لەگەڵ نێردەیەکی ئەمریکی کۆبووەوە، پووتین گوتی، "لە داواکەی سەرۆک ترەمپ تێدەگەین. ئەگەر چەکەکانیان دابنێن و خۆیان رادەست بکەن، ژیان و مامەڵەی شایستەیان بۆ دەستەبەر دەکرێت."
دۆناڵد ترەمپ گوتی "هەزاران" سەربازی ئۆکراینی "بە تەواوی لەلایەن سوپای رووسیاوە گەمارۆ دراون و لە دۆخێکی زۆر خراپ و لاوازدان."
"کۆمەڵکوژیی تۆقێنەر"
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "بە پێداگرییەوە داوام لە سەرۆک پووتین کردووە ژیانی ئەو سەربازانە بپارێزرێت. ئەگەر نا، ئەوە دەبێتە کۆمەڵکوژییەکی تۆقێنەر کە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە نەبیندراوە."
سەرکردایەتیی سەربازیی ئۆکراینا ئەم قسانەی رەتکردەوە، هەرچەندە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی وڵاتەکە دانی بەوەدا نا کە هێزەکانی رووبەڕووی گوشاری زیاتر دەبنەوە.
سوپاسالاری ئۆکراینا لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رایگەیاند، "هیچ هەڕەشەیەکی گەمارۆدانی یەکەکانمان نییە."
بەڵام ئەو قسەیەی کە زیلینیسکی لە کیێڤ بۆ رۆژنامەڤانانی کرد، جیدیتر بوو لەوەی سوپاسالارەکە دەیڵێت. زیلینسکی گوتی، "دۆخی ناوچەی کورسک ئاشکرایە زۆر دژوارە."
بەڵام جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە مانەوەی هێزەکانیان لەوێ بۆ گوشارخستنە سەر رووسەکان، سوودی هەیە.
بە گوتەی زیلینسکی، رووسیا ناچاربووە هێزەکانی لە ناوچەکانی دیکەی جەنگ بکشێنێتەوە بۆ کورسک، ئەوەش وایکردووە گوشار لەسەر هێزەکانی ئۆکراینا کەمبێتەوە لە کاتێکدا ئەوان و رووسەکان بە درۆن، مووشەک، تۆپباران و بۆردوومان لەیەک دەدەن بۆ ئەوەی شاری گرنگی پۆکرۆڤسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆنترۆڵبکەن کە تاوەکو ئێستا لە دەستی ئۆکراینییەکاندایە.
دوایین قسەکانی ترەمپ هاوکات بوون لەگەڵ بڵاوکردنەوەی دوایین زانیاری لەبارەی هەوڵەکانی ئاگربەست.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ گفتوگۆی ئۆکراینا، شەوی پێنجشەممە لەگەڵ پووتین کۆبووەوە بۆئەوەی وردەکارییەکانی پێشنیازێکی هاوبەشی ئەمریکی-ئۆکراینی بخاتە بەردەم سەرۆکی رووسیا کە ئاگربەستێکی کاتیی 30 رۆژە لەخۆدەگرێت.
ترەمپ لە ترووس سۆشیەڵ کە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆیەتی، نووسیویەتی: "ئێمە دوێنێ گفتوگۆی زۆر باش و بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمیر پووتینی رووسیادا هەبوو و دەرفەتێکی زۆر باش هەیە کە ئەم جەنگە مەترسیدار و خوێناوییە کۆتایی بێت."
"ئۆکراینا هێز لەدەستدەدات"
پووتین پێنجشەممە گوتی، "پرسیاری گەورە" لەسەر پێشنیازەکە هەیە.
زیلینسکیش ئەوی تۆمەتبارکرد بەوەی بە دروستکردنی گومان، هەوڵی لاوازکردنی دەستپێشخەریی ئاگربەست دەدات.
سەرۆکی ئۆکراینا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا گوتی: "ئەو ئێستا هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی دیپلۆماسی تێکبدات، ئەوەش بە دانانی مەرجی زۆر سەخت و قبووڵنەکراو لە سەرەتاوە تەنانەت پێش ئاگربەست".
کرێملین رۆژی هەینی گوتی مۆسکۆ "بە گەشبینییەکی هۆشیارانەوە" چاوەڕێ دەکات رێککەوتنێک بکرێت، بەڵام دەبێت پووتین و ترەمپ راستەوخۆ قسە بکەن تاوەکو گفتوگۆکان بەرەوپێش بچن.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین بە رۆژنامەڤانانی گوت: "کاتێک بەڕێز ویتکۆف هەموو زانیارییەکان بە سەرۆک ترەمپ دەگەیێنێت، ئێمە کاتی کۆبوونەوەیەک دیاری دەکەین. هێشتا کاری زۆر ماوە بکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆک لە هەڵوێستی سەرۆک ترەمپ تێدەگات."
مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکی فۆکس نیووزدا گوتی، وڵاتەکەی "هەندێک گەشبینی هۆشیارانە"ی هەیە دوای سەردانەکەی ویتکۆف.
مارکۆ روبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی گرووپی حەوت لە کەنەدا گوتی، دەبێت هەردوو لا "چەند سازشێک" بکەن.
وەزیرانی دەرەوەی جی 7 هۆشداریی سزای نوێیان بە رووسیا داوە کە ئەگەر ئاگربەستێک "بە مەرجی یەکسان" پەسند نەکات، ئەوا سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێنن.
ئەوان گفتوگۆیان کرد لەبارەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر رووسیادا لە ئەگەری رێکنەکەوتن لەسەر ئاگربەست، لەوانە لە رێگەی سنووردانان بۆ نرخی نەوت، پشتگیریی زیاتر بۆ ئۆکراینا و رێگەکانی دیکە.
پێنجشەممە، پووتین گوتی، هەر رێککەوتنێک "ئاشتیی درێژخایەن" مسۆگەر بکات، پێی رازی دەبێت.
رووسیا بەردەوام گوتوویەتی، بۆ بەدیهاتنی ئاشتیی درێژخایەن، پێویستە ئۆکراینا هەرگیز نەبێتە ئەندامی ناتۆ.
زیلینسکی پێیوایە ئەو قسانەی پووتین "یاریکردنە" بە رێککەوتنەکە.
سەرەڕای گوشارەکانی سەر کورسک، پار رووسیا لە سەرانسەری هەرێمی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا پێشڕەوی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ