رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق و پاشای بەریتانیا کۆبوونەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و لەندەنیان تاوتوێکرد.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی بەکینگهام لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لەگەڵ چارڵسی سێیەم، پاشای ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیدارەکەدا هاوکاریی نێوان عێراق و بەریتانیا و چۆنییەتی بنیادنانی "هاوبەشییەکی بەرهەمدار" لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری و پەرەپێدان تاوتوێکران.
لە دیدارەکە تیشک خرایە سەر "هاوکارییەکان بۆ رووبەڕبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، دەرفەتی بەهێزکردنی هاوکاریی رۆشنبیری."
سوودانی پێزانینی خۆی بۆ ئەو بانگهێشتە فەرمییە دەربڕی و گوتی، پێداگرن لەسەر "بەهێزکردنی پەیوەندیی دوو قوڵیی بنیادنەرانە لە بوارە جیاوازەکاندا، بەشێوەیەک بەرژەوەندی دوو لایەنە و بەردەوامیی خەڵکی عێراق و بەریتانیا بەهێز بکات."
چارڵسی سێیەم ئاماژەی بە "قووڵی پەیوەندییە مێژووییەکان"ـی نێوان عێراق و بەریتانیا کردووە.
لە سەردانەکەدا شاندێکی باڵا یاوەریی سوودانی دەکات کە پێکهاتووە لە ژمارەیەک وەزیر، پەرلەمانتار و پارێزگاری بەسرە و چەند راوێژکارێک، لەگەڵ نوێنەرانی کەرتی تایبەت، پیشەوەران و بازرگانانی پسپۆڕ لە کەرتە ئابوورییە جیاوازەکان.
رۆژی دووشەممە 13-01-2025 محەممەد شیاع سوودانی لەسەر بانگهێشتێکی فەرمیی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گەیشتە ئەو وڵاتە.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی کۆمەڵێک دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت، لەوانەش کۆبوونەوە لەگەڵ چارڵسی سێیەم، پاشای بەریتانیا و کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیران و چەندین بەرپرسی باڵای حکومەتی بەریتانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ