رووداو دیجیتاڵ
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە پانێلێکدا لە پەرلەمانی بەریتانیا رایگەیاند، پێشکەوتنی گەورە لە دیالۆگی نێوان کورد هەیە و هیوادارن لە ماوەیەکی نزیکدا موژدەیەک بدەنە کورد.
ئیلهام ئەحمەد لە پانێلێکدا کە لەلایەن سەنتەری پێشکەوتنی کوردییەوە لە پەرلەمانی بەریتانیا رێکخرابوو، باسی لە دۆخی رۆژئاوا، پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای نیشتمانیی سووریا (ئەو هێزانەی تورکیا پشتیوانییان دەکات)، دیالۆگی نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) کرد.
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، دوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە هەموو ناوچەکانی دەرەوەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوا) شەڕ وەستاوە، بەڵام بەپێچەوانەوە دۆخی ئەمنی لە ناوچەکانی ئەوان "بەهۆی هەنگاوەکانی تورکیاوە بەداخەوە خراپتر بووە" و "حکومەتی ئەنقەرە رێگە نادات دۆخەکە باشتر ببێت".
ئیلهام ئەحمەد گوتی، هیوادارن پەیوەندییان لەگەڵ دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) کە وەکو دەسەڵاتێکی دیفاکتۆ لە دیمەشق دانی پێدانراوە، بەردەوام بێت و لەمەودوا لە سووریای نوێدا هەموو پێکهاتەکان بە شێوەیەکی دروست لە حکومەت نوێنەرایەتییان هەبێت.
"گۆڕانکارییەکانی سووریا لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە دەستی پێکرد"
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، پێیوایە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 لە پشت گۆڕانکارییە خێراکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەتی سووریایە.
ئیلهام ئەحمەد گوتیشی، دۆخی ئێستای سووریا کاتییە و چاوەڕێ دەکەن لە زووترین کاتدا کۆنفرانسێکی دیالۆگی نیشتمانی ببەسترێت.
"تورکیا لە دژایەتییەکی گەورەدایە"
ئەو بەرپرسەی رۆژئاوای کوردستان سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا گوتی، "تورکیا لە دژی کورد چ لە ئاستی گوتار و چ لە مەیدانیشدا سیاسەتێکی زۆر دوژمنکارانە پەیڕەو دەکات. ئەمەش دژایەتییەکی گەورەیە لەنێو خۆیدا".
ئیلهام ئەحمەد باسی لەوە کرد، شەڕێکی نائاساییان لە دژی داعش کردووە و هێشتاش لە مەیداندا درێژە بەو شەڕە دەدەن. هەروەها گوتی، توانیویانە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا سیستەمێکی دیموکراسی دروستبکەن، بەڵام "تورکیا رێگە نادات گەشە بکات".
"هەوڵی هاوپەیمانیی نێوان کورد دەدرێت"
هەوڵەکان بۆ ئەوەی کوردی رۆژئاوای کوردستان بە یەک گوتار روو لە دیمەشق بکەن، بەردەوامە. دوایین هەوڵیش سەردانی د. عەبدولحەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی بوو بۆ رۆژئاوای کوردستان، کە لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەستەی سەرۆکایەتی ئەنەکەسە بەجیا کۆبووەوە.
ئیلهام ئەحمەد گوتی، "کوردی رۆژئاوا لە دیالۆگێکی جیددیدان بۆ پەرەپێدانی هاوپەیمانی لە نێوان خۆیاندا، لەو رووەوە پێشکەوتنی گرنگ بەدەستهاتوون. هاوکات دیالۆگ لەگەڵ کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش هەیە. ئەم دیالۆگە زۆر چارەنووسسازە. هیوادارین لە نزیکترین کاتدا موژدەی (ئەنجامی دیالۆگەکە) ببیستن".
"سووریای نافیدراڵی ئاشتی تێدا نابێت"
بەرپرسەکەی رۆژئاوا جەختی لەوە کردەوە، بۆ دروستکردنی زەمینەیەکی دیموکراسی لە سەرتاسەری سووریا و لەنێوان پێکهاتەکانی دیکەدا، جگە لە کورد، سووریایەکی فیدراڵی زۆر پێویستە و گوتی، "ئاشتی بەرقەرار نابێت، ئەگەر سووریا فیدراڵی نەبێت. بەپێچەوانەوە سووریایەکی ناوەندی ئاگری شەڕی ناوخۆ هەڵدەگیرسێنێتەوە." گوتیشی: "سووریایەکی فیدراڵی، ئاسایش، ئارامی و ئاشتی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ