رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی بەرگریی ناتۆ لە برۆکسل کۆبوونەوە و مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەش شەڕی حەماس و ئیسرائیل و مانەوەی هێزەکانی ناتۆ بوو لە عێراق. گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا گوتی، "رەوشی عێراق ئارام نییە، بۆیە ئەرکی هێزەکانمان درێژکردەوە."
بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "ئەرکی هێزەکانمان لە عێراق درێژکردەوە، چونکە لەم رووداوانەی دواییدا، لە هەوڵەکانی دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی سوێد ئەوە بەدیارکەوت کە دۆخەکە بەهیچ شێوەیەک ئەوەندە ئارام نییە. من دڵخۆشم کە سەرۆکوەزیران دۆخەکە بەوشێوەیە دەبینێت، بەڵام هەر خۆی گوتی 'پێویستمان بە پشتگیریی سەربازەکان هەیە بۆ سەقامگیری'، بۆیە پەرلەمانی فیدراڵی بە شێوەیەکی راست و دروستانە، ئەم ئەرکە درێژ دەکاتەوە."
کەنەدا پشتڕاستی دەکاتەوە کە تاوەکو ئێستا سەربازیان لە عێراق ماون. بیڵ بلەیر، وەزیری بەرگریی کەنەدا دەڵێت، "لە ناوچەکەدا سەربازی کەنەدی هەن و راهێنان دەکەن، بەڵام ناتوانم شوێنەکانیان ئاشکرا بکەم."
بەرپرسێکی ناتۆ دەڵێت، تاوەکو ئێستا چەندین سەرباز، ئەفسەر و کەسی سڤیل لە ئەرکەکانیان لە عێراق بەردەوامن. سوێد و ئوستراڵیا زۆرترین سەربازیان لە عێراق هەیە و ژەجەراڵ خوسێ مارتێنس فەرماندەیی ئەو هێزە دەکات. کاری سەرەکیی هێزەکە پێدانی مەشق و راهێنانە بە سوپای عێراق.
لە ئۆکتۆبەری 2018ـەوە ناتۆ لە عێراق ئەرکی هەیە. ئەو رێکخراوە دەڵێت، هۆکاری نەچوونیان بۆ هەرێمی کوردستان، پەیوەندی بە نەبوونی داواخوازیی بەرپرسانی هەولێر و بەغداوە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ