لە مانگێکدا زیاتر لە 20 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەوروپا

13-02-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا، زیاتر لە 20 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەوروپا و زیاتر لە 160 کەسیش لە رێگەدا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.
 
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، مانگی رابردوو 20 هەزار و 243 کۆچبەر لە رێگەی دەریا و وشکانییەوە چوونەتە وڵاتانی ئەوروپا؛ 20 هەزار و 150یان لە رێگەی دەریاوە چوون و 93 کەسی دیکەیان لە رێگەی وشکانییەوە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو 12 هەزار و 261 کۆچبەر چووبوونە ئەوروپا. 
 
هەر کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، 163 کۆچبەر لە رێگەی چوونیان بۆ ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە یانیش بێسەروشوێن بوون و لەو ژمارەیە چواریان کۆچبەری سووریایی بوون. ئەوە لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو بە گشتی، سێ هەزار و 997 کۆچبەر لە رێگەی گەیشتن بە ئەوروپا گیانیان لەدەستدابوو یانیش بێسەروشوێن بوون.
 
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی باس لەوە دەکات، ئەم ساڵ ئیسپانیا یەکەمین وێستگەی کۆچبەران بووە و لەو مانگەدا 12 هەزار و 273 کۆچبەر چوونەتە ئیسپانیا کە زیاتر لە 11 هەزاریان لە رێگەی دەریاوە چوون و زۆربەشیان لە ئەفریقاوە رۆیشتوون. 
 
لە پلەی دووەمیش ئیتاڵیا دێت کە سێ هەزار و 978 کۆچبەر چوونەتە ئەوێ و سەرجەمیشیان لەرێگەی دەریاوە بووە؛ لە پلەی سێیەمیش یۆنانە کە سێ هەزار و 957 کۆچبەر لە رێگەی بەلەمەوە چوونەتە ئەو وڵاتە.
 
هانس لایختنس، بەرپرسی ئاژانسی چاودێریکردنی سنوورەکانی ئەوروپا ناسراو بە فرۆنتێکس دەڵێت، "کۆچبەری بووەتە دیاردەیەکی جیهانی و دەبێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین، چونکە ئەوروپا چیدیکە بەرگەی کۆچبەری نایاسایی ناگرێت".
 
ئاژانسی فرۆنتێکس رایگەیاندووە، ساڵی رابردوو زیاتر لە 380 هەزار کۆچبەری نایاسایی چوونەتە وڵاتانی ئەوروپا کە ئەوەش زۆرترین ژمارەی کۆچبەران بووە بۆ ئەوروپا لە ساڵی 2016وە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا