رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بەرپرسێکی پێشووی هێزە تایبەتەکانی وڵاتەکەی وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دیاریکرد.
رۆژی سێشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2024، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا گوتی، مایکڵ وۆڵتزی بۆ بوون بە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دیاریکردووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، وۆڵتز "هەڵۆی" سیاسەتی دەرەوەیە.
مایکڵ وۆڵتزی 50 ساڵ لە سوپای ئەمریکا فەرماندە بووە؛ ساڵی 2018 بووە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.
ترەمپ ستایستی وۆڵتزی کرد و بە "پسپۆڕی رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی لەلایەن چین، رووسیا، ئێران و تیرۆرەوە" لەسەر ئەمریکان ناوبرد.
وۆڵتز چەند جارێک چینی بە مەترسییەکی "دەرەکی" بۆسەر ئەمریکا داناوە؛ لەبارەی جەنگی ئۆکرایناش گوتویەتی، پێویستە پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا کۆتایی پێبهێنن بۆ ئەوەی دۆخەکە چارەسەربکرێت و پێیوایە "هەڵڕشتنی ملیاران دۆلار (بۆ ئۆکراینا) شێتییە."
لە کۆنگرەی نیشتمانیی کۆمارییەکان کە تەممووزی ئەم ساڵ بەڕێوەچوو، وۆڵتز رایگەیاند، ئاشتی لە رێگەی بەهێزکردنی ئەمریکاوە دەبێت.
رۆژی 5ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەچوو. لە 538 ئەندامی دەستەی هەڵبژاردن، ترەمپ 312ی بەدەستهێنا و بووە سەرۆکی هەڵبژاردراوی ئەمریکا. بڕیارە رۆژی 20ی کانوونی دووەمی داهاتووش سوێندی یاسایی بخوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ