لوفتهانزا راگرتنی گەشتەکانی بۆ هەولێر تاوەکو 21ی ئاب درێژکردەوە

دوێنێ کاژێر 01:11
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی مەترسیی پێکدادانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی لەگەڵ ئیسرائیل، کۆمپانیای لوفتهانزای ئەڵمانی بڕیاریدا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ هەولێر، تاران، بەیرووت، عەممان و تەلئەڤیڤ تاوەکو 21ی ئاب درێژ بکاتەوە.
 
کۆمپانیاکە لە فرانکفۆرتی ئەڵمانیاوە رایگەیاند، تاوەکو ئەو کاتە، لەپێناو سەلامەتیی سەرنشینەکانی، فڕۆکەکانیان بۆ هیچ گەشتێکی دیکەش، ئاسمانی عێراق و ئێران بەکارناهێنن.
 
بڕیاری کۆمپانیاکە کە چەندین لقی لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا هەیە، لە کاتێکدایە کە مەترسیی فراوانبوونی جەنگی غەززە و گۆڕانی بۆ جەنگێکی هەرێمی هەیە.
 
لوفتهانزا ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو ئەوانەی بلیتیان بڕیوە و ناتوانن بەهۆی راگرتنەکەوە گەشت بکەن، دەتوانن بلیتەکە هەڵبوەشێننەوە و پارەکەیان وەربگرنەوە.
 
ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی بەڵێنیان داوە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، بۆئەوەی تۆڵەی کوشتنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماسی فەلەستینی و فەرماندەیەکی سەربازیی باڵای حیزبوڵڵای لوبنانی بکەنەوە. 
 
هەر ئەمڕۆ کۆمپانیای Air Franceی فەرەنسی و Transavia کە یەکێکە لە لقەکانی، بڕیاریاندا راگرتنی گەشتەکانیان بۆ پایتەختی لوبنان تاوەکو 14ی ئاب درێژبکەنەوە، بەڵام گەشتەکانیان بۆ تەلئەڤیڤ بەردەوام دەبن، وێڕای ئەوەی هەندێ کۆمپانیای دیکەی وەک ITAی ئیتاڵی، تاوەکو 15ی ئاب گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل وەستاندووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە