ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا داوای ئازادکردنی توێژەرەوە ئیسرائیلییەکە لە عێراق دەکات

11-07-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، ئێران بە رفاندنی توێژەرێکی ئیسرائیلی - رووسی تۆمەتبار دەکات کە لە مانگی ئادارەوە لە عێراق دیارنەماوە. داواش دەکات "بەپەلە" ئازاد بکرێت.
 
شەوی دووشەممە، 10ی تەممووزی 2023، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ناسراو بە سینات، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، داوای ئازادکردنی ئەلیزابێت تسورکۆڤ دەکات. گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە دەسەڵاتی ئێرانیش تۆمەتبار دەکات بەوەی ئەو ئافرەتەیان لە عێراق "رفاندووە". 
 
لەوبارەیەوە، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سیناتی ئەمریکا لە تویتەر لەسەر رفاندنی ئەو ئافرەتە ئیسرائیلییە - رووسییە نووسیویەتی: "ئەلیزابێت تسورکۆڤ، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی پرینستن لە ئەمریکا، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە رفێندراوە لەوکاتەی خەریکی توێژینەوەی زانستی بوو. کارەکانی رژێمی ئێران بۆ رفاندنی خەڵکی بێتاوان هەڕەشەیەکی باوە و رفێنەرانی دەبێ بەزووترین کات ئازادی بکەن".
 
تسورکۆڤی تەمەن 37 ساڵ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە پاسپۆرتە رووسییەکەی هاتووەتە عێراق، بەنیازی توێژینەوەی زانستی بووە لە عێراق، بەڵام لە رۆژی 21ی ئاداری ئەمساڵ لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە لە شەقامێکی سەنتەری شاری بەغدای پایتەخت دەرفێنڕێت و لەوکاتەشەوە بێسەروشوێنە. 
 
هەفتەی رابردوو، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەیاننامەیەکی لەسەر دیارنەمانی تسورکۆڤ لە عێراق بڵاوکردەوە و چەکدارانی گرووپی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی تۆمەتبارکرد بەوەی ئەو ئافرەتەیان رفاندووە و حکومەتی عێراقیشی لە سەلامەتی گیانی تسورکۆڤ بە بەرپرسیار زانی.  
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەو بەیاننامەیەدا، رایگەیاند: "تسورکۆڤ هێشتا لە ژیاندا ماوە و عێراقیش بە بەرپرسیار دەزانین لە چارەنووس و سەلامەتی. تسورکۆڤ ئافرەتێکی ئەکادیمییە و لەسەر داوای خۆی بە مەبەستی توێژینەوەیەکی دکتۆراکەی بەناوی زانکۆی پرینستنی ئەمریکییەوە سەردانی عێراقی کردووە."
 
هەروەها میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە، کەیسی ئەو ئافرەتە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا سەرپەرشتی دەکرێت و هەردوولا لە سەلامەتیی تسورکۆڤ نیگەرانن.
 
تسورکۆڤ چەند جارێکی دیکەش سەردانی عێراقی کردووە و توێژینەوەکانی زیاتر پەیوەست بوون بە دۆخی سیاسیی و سەربازی عێراق و سووریا و سیاسەتەکانی تورکیا لە سووریا. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا