رووداو دیجیتاڵ
کۆریای باکوور هەڕەشەی خستنە خوارەوەی فڕۆکەکانی ئەمریکا دەکات؛ هەروەها سەرکۆنەی ئەمریکا دەکات کە ژێردەریاییەکی هەڵگری چەکی ئەتۆمی لە نزیک نیمچەدوورگەی کۆریا جێگیر کردووە.
رۆژی دووشەممە، 10-7-2023، گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگری نیشتمانیی کۆریای باکوور رایگەیاند، "ئەمریکا چالاکییە سیخوڕییەکانی گەیاندووەتە ئاستی جەنگ." هەروەها ژمارەیەک فڕۆکەی سیخوڕی ئەمریکا ئەم مانگە هەشت جار سنووری ئاسمانی کۆریای باکووریان بەزاندووە.
گوتەبێژەکە دەڵێت، "هیچ دڵنیاییەک نییە کە فڕۆکە چاودێرییەکەی ئەمریکا لەسەر ئاسمانی دەریای رۆژهەڵاتی کۆریای باکوور ناخرێتە خوارەوە."
هاوکات، کیم یۆ جونگ، خوشکی کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "فڕۆکە سیخوڕییەکانی ئەمریکا تەنیا رۆژی دووشەممە دوو جار سنووری ئاسمانی دەریای رۆژهەڵاتی کۆریایان بەزاندووە."
کیم یۆ جۆنگ دەڵێت، کۆریای باکوور راستەوخۆ وەڵامی ئەمریکا ناداتەوە ئەگەر لە دەرەوەی زۆنی ئابووری ئەو وڵاتە بمێنێتەوە، بەڵام "کاردانەوەی یەکلاکەرەوەی" دەبێت ئەگەر سوپای ئەمریکا هێڵی دیاریکراوی سەربازیی وڵاتەکەیان ببەزێنن.
لە راگەیێنەراوێکدا کە لە ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بڵاوکراوەتەوە، خوشکەکەی کیم جۆنگ ئون رایگەیاندووە، ئەمریکا رووبەڕووی "شەڕێکی هەستیار" دەبێتەوە ئەگەر لە سیخوڕیکردنەکەی بەردەوام بێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆریای باکوور هەروەها سەرکۆنەی جوڵاندنی ژێردەریاییەکی ئەتۆمی بۆ نزیک نیمچەدوورگەی کۆریا کردووە و "بە هەراسانکردنێکی روونی ئەتۆمی" بۆ سەر کۆریای باکوور پێناسەی کردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ژێردەریاییە مەترسی قووڵ دەخاتە سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێدنراوەکەدا کە پشتی بە قسەکانی خوشکەکەی کیم جۆنگ ئون بەستووە باس لەوە کراوە، "ئەو دۆخەی ئێستا بە روونی ئەوە دەسەلمێنێت، نیمچەدوورگەی کۆریا لە لێواری شەڕی ئەتۆمی نزیکدەبێتەوە، ئەویش بەهۆی جموجووڵە سەربازییە هەراسانکەرەکانی ئەمریکا."
نیسانی ئەمساڵ، ئەمریکا ناردنی ژێردەریاییەکی هەڵگری ئەتۆمی بۆ نزیک نیمچەدوورگەی کۆریا راگەیاند، کە بەگوێرەی خۆی ئامانجەکە پاراستنی ئاسایشی کۆریای باشوور و ناوچەکەیە.
ئەوەی ئەمریکا و کۆریای باشووری نیگەرانکردووە، چالاکییە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوورە. تەنیا لەمساڵیشدا پیۆنگیانگ ژمارەیەک مووشەکی تاقیکردەوە، کە سزای زیاتری رۆژئاوا و ئەمریکای بە دوای خۆیدا هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ