کاتێک باوانەکانمان ئەفریقایان جێهێشت، لەکوێ گیرسانەوە؟

11-04-2024
هێمن بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پێشتر سەلمێندراوە کە باوانەکانمان دەوروبەری 60 بۆ 70 هەزار ساڵ لەمەوبەر ئەفریقایان جێهێشتووە و بە ئاسیا و ئەوروپادا بڵاوبوونەتەوە، بەڵام یەکەمین گرووپەکان لەکوێ گیرسانەوە؟
 
شارەزایان، باوانەکانی ئەو سەردەمەیان بە (مرۆڤی ژیر - Homo Sapiens) ناساندووە، چونکە لە قۆناخێکی پێشکەوتووتری ژیاندا بوون بەراورد بە رابردوویان.
 
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێی پەیمانگەی ئوستراڵی بۆ لێکۆڵینەوە لە پەرەسەندنی مرۆڤ، باوانەکانمان کاتێک ئەفریقایان جێهێشتووە، سەرەتا لە سێگۆشەی ئێران، باشووری رۆژهەڵاتی عێراق و سعوودیەدا ژیاون. دواتر، گرووپی دیکەیان بەرەو ئاسیای دوور و ئەوروپا بڵاوبوونەتەوە.

 

 
بۆ ساخکردنەوەی ئەمە، توێژینەوەکە پشتی بە شیکردنەوەی DNA مرۆڤی کۆن و نوێ و بەڵگە شوێنەوارناسییەکان بەستووە.
 
توێژەران لەو باوەڕەدان، سەرەتا ژمارەیان چەند هەزار کەسێک بووبێت، بەرلەوەی دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرن و لە ساڵانی داهاتوودا ملیۆنانی دیکەیان بۆ ژیانکردن تێیدا جێگیر ببن.
 
هەروەها پێشبینی دەکرێت، لەوکاتەدا باوانەکانمان پێست و پرچێکی تاریکیان هەبووبێت.

 

 
لوکا پاگەنی، پسپۆڕی جیناتی جۆرە جیاوازەکانی مرۆڤ لە زانکۆی پادۆڤای ئیتاڵیا و نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت، "ئەنجامەکان وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەدەنەوە، کاتێک باوانی هەموو مرۆڤە نائەفریقییەکانی ئێستا لەو کیشوەرە هاتنە دەرەوە، لە قۆناخی یەکەمدا لەکوێ ماونەتەوە؟".
 
ئەو شوێنەی ئەنجامی توێژینەوەکە دەستنیشانی کردووە، نزیکە لە خاکی کوردستانی ئەمڕۆ و وەکو دەزانرێت لە ساڵانی دواتردا، بەشێک لە باوانەکانمان بە ناوچەکەدا بڵاوبوونەتەوە و بڕیاری هەمیشە مانەوەیان داوە؛ ئەشکەوتی شانەدەر لە هەولێر و گوندی چەرمۆ و بێستانسوور لە سلێمانی بەڵگەی ئەم بابەتەن.
 
مایکڵ پێتراگلیە، بەڕێوەبەری پەیمانگەی ئوستراڵی بۆ لێکۆڵینەوە لە پەرەسەندنی مرۆڤ و نووسەرێکی دیکەی توێژینەوەکە دەڵێت، "ئەمە چیرۆک و مێژووی ئێمەیە، ئامانجمان دۆزینەوەی هەندێ نهێنی بوو تاوەکو بزانین ئێمە لە سەرەتای ژیریماندا چۆن بەسەر زەویدا بڵاوبووینەتەوە؟".
 
بەم پێیە بێت، لە پاش کیشوەری دایک (ئەفریقا)، دووەم هەواری مرۆڤایەتی سنووری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە کە بووە لانکەی بەرەوپێشچوونی ئاستی ژیری و بنیاتنانی شارستانییەتە یەک لەدوای یەکەکان تاوەکو داهێنانی نووسین لە لای سۆمەرییەکان.

 

 
بەگوێرەی ئەو توێژینەوانەی یەکلاکراونەتەوە، بەشێک لە باوانەکانمان، پاش ماوەیەک لە مانەوەیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە دەوروبەری 50 هەزار ساڵێک لەمەوبەردا بەنێو ئاسیا و ئەوروپادا بڵاوبوونەتەوە.
 
واتە لە رۆژهەڵاتەوە تاوەکو ژاپۆن و لە رۆژئاواشەوە تاوەکو ئەسکەندەناڤیا رۆیشتوون، کە ئێستا ئێمەی نەوەی نوێ ئەم یادەوەرییانەمان بیرچووەتەوە، بەڵام لەنێو خانەکانی جەستەماندا، هەموو ئەو رووداوانە تۆمارکراون.
 
گرنگە ئاماژە بەوە بکرێت، کاتێک بەشێک لە باوانەکانمان بەنێو ئاسیا و ئەوروپادا بڵاوبوونەتەوە، تووشی شۆک بوون کاتێک بینیویانە جۆری دیکەی مرۆڤی جگە لە خۆیان لەو ناوچانەدا بوونیان هەیە؛ بۆ نموونە نیاندەرتاڵەکانی ئەوروپا.

 

 
تائێستا نازانرێت بە کام هۆکاری سەرەکی نیاندەرتاڵەکان لە دەوروبەری 40 هەزار ساڵ لەمەوبەردا تووشی لەنێوچوونی یەکجارەکی هاتوون، بەڵام دەزانین کە نزیکایەتییان لەگەڵ باوانەکانمان هەبووە و جووتبوونیش لەنێوانیاندا روویداوە؛ زۆرینەی نەوە نوێیەکانی ئێستای مرۆڤایەتی بەشێک لە جیناتی ئەوانیان تێدایە.
 
ئەم توێژینەوە زانستییانە یارمەتیدەرن لە تێگەیشتن لە رابردوومان و وەڵامی بەشێک لە پرسیارە ئاڵۆزەکانیشمان دەدەنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ڤیەننا و نەمسا.

راپۆرتێک: لە 2024 ڤیەننا شیاوترین و دیمەشق ناشیاوترین شارن بۆ ژیان

کۆمپانیایەکی توێژینەوەی بەریتانیا راپۆرتی شیاوترین شارەکانی جیهان بۆ ژیان بڵاوکردەوە. تێیدا، ڤیەننا پلەی یەکەم و دیمەشقیش پلەی کۆتایی بەدەستهێناوە. تەلئەڤیڤی ئیسرائیلیش بەهۆی جەنگی غەززەوە 20 پلە دابەزیوە.