رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای وڵاتێکی ئەفریقی لەگەڵ دەیان ژنی بەرپرسانی دیکە و کەسوکاری سەرۆکی وڵات سەرجێی دەکات و ڤیدیۆشیان دەگرێت. بەرپرسەکە دەستگیرکراوە و شەپۆلی بڵاوبوونەوەی ڤیدۆکان ناوەستن. پیاوەکە بە تۆمەتی "هەڕەشە بۆ سەر تەندروستیی گشتی" دادگایی دەکرێت.
بالتسار ئیبانگ ئێنگۆنگا، سەرۆکی ئاژانسی لێکۆڵینەوەی دارایی لە وڵاتی گینیای کەمەرەیی لە نێوەڕاستی کیشوەری ئەفریقا، یەکێکە لەو ناوانەی زۆرترین گەڕانی ئینتەرنێتی بۆ دەکرێت.
ئیبانگ لە پەنجاکانی تەمەنیەتی، پیاوێکی باڵابەرز و قۆزە و لە وڵاتەکەی نازناوی (بێللۆ)ـیان پێداوە. بەم دواییانە، دەیان ڤیدیۆی بێللۆ لە سەکۆ جیاوازەکانی ئینتەرنێت بڵاوبوونەوە، سەرجێی لەگەڵ دەیان ژن کردووە، زۆربەی ژنەکانیش خزمی سەرۆکی وڵات، هاوژینی وەزیرەکان و بەرپرسە سەربازییەکانن. زۆربەی ڤیدیۆکانیش لە ژوورەکانی نێو وەزارەتی داراییەوە گیراون.
نزیکەی 150 بۆ 400 ڤیدیۆی ئەو بەرپرسە گینیاییە بڵاوبوونەتەوە و وڵاتە بچووکەکەی ئەفریقای هەژاندووە. ئەوەی جێگەی پرسیارە، بۆچی بێللۆ ڤیدیۆکانی تۆمارکردووە و لەلای خۆی هەڵیگرتوون؟
بێللۆ کێیە و ڤیدیۆکان چۆن بڵاوبوونەوە؟
بالتسار ئیبانگ یان بێللۆ، خوشکەزای تیۆدۆرۆ ئۆبیانگ، سەرۆکی گینیای کەمەرەییە. سەرۆکی ئاژانسی لێکۆڵینەوەی دارایی وڵاتەکەیە کە کەمێک لە خوار پۆستی وەزیری داراییەوەیە. دوای ئەوەی ئەرکی لێکۆڵینەوە لە سپیکردنەوەی پارە و گەندەڵی پێدەدرێت، بۆ حکومەت دەردەکەوێت کە ئەوە بێللۆ خۆیەتی گەندەڵی دەکات و بڕێکی زۆری پارەی لە گەنجینەی وڵاتەکە بردووە.
پۆلیسی گینیا لە 25-10-2024 دەستگیری دەکەن و بەرەو یەکێک لە ترسناکترین گرتووخانەکانی وڵاتەکەی دەبەن، کە تێیدا ئەو کەسانە زیندانی کراون کە دژی حکومەتن.
پۆلیس، لاپتۆپ و مۆبایلی بێللۆ دەپشکنن، بەڵام دوای سێ رۆژ وردە وردە ڤیدیۆی سێکسیی ئەو بەرپرسە لەگەڵ ژنی بەرپرسانی وڵاتەکەی بڵاودەبێتەوە.
ڤیدیۆکان سەرەتا لە کەناڵەکانی تەلەگرام بڵادەبنەوە؛ دواتر ڤیدۆکان دزە دەکەنە نێو گرووپەکانی واتسئاپ و چەند ڤیدیۆیەکیش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس.
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکان، تیۆدرۆ گوێما، جێگر و کوڕی سەرۆکی وڵات داوا لە کۆمپانیاکانی تایبەت بە گەیاندن و ئینتەرنێت دەکات، لە ماوەی 24 کاژێردا بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکان کۆنتڕۆڵ بکەن.
خێرایی بڵابوونەوەی ڤیدیۆکان بەجۆرێک بوون کە لە گووگڵ لە پاڵ هەڵبژاردنی ئەمریکا ناوی ئەو بەرپرسەی ئەفریقا دەهات.
تیۆدرۆ گوێما، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "ناکرێت ئێمە بە دیار داڕمانی خێزانەکانەوە دابنیشین و هیچیشمان لەدەست نەیەت."
تاوەکو ئێستا سەرچاوەی یەکەمی بڵاوبوونەوەی ڤیدۆکان دیار نییە، بەڵام گومان لەسەر پۆلیسی پشکنەری گرتووخانەکەیە؛ هەرچەندە بەرواری بڵاوبوونەوەی چەند ڤیدیۆیەک پێش بەرواری دەستگیرکردنی بێللۆیە، بۆیە لێکۆڵینەوە ئاڵۆزتر بووە.
تیۆدرۆ گوێما بەڵێنیدا: "ئەوانەی ڤیدیۆکانیان بڵاوکردوونەتەوە دەدۆزرێنەوە و پێویستە وەڵامی پێویستمان بدەنەوە."
رۆژی 08-11-2024 سەرۆکی گینیای کەمەرەیی فەرمانی لەکار لادانی بالتسار ئیبانگی دەرکرد و لە پۆستەکەی دووری خستەوە.
ژنەکان ئاگاداری ڤیدیۆکە بوون؟
ڤیدیۆکان لە رێککەوت و شوێنی جیاجیادا تۆمارکراون، هەندێکیان لە نێو نووسینگەکانی حکومەت و هەندێکیشیان لەنێو وەزارەتی دارایی وڵاتەکەن.
بەشێک لە ژنەکان نەناسراون و بەشێکیشیان خزم و کەسوکاری سەرۆکی وڵاتن، هاوژینی بەرپرسە باڵاکانن.
لە بەشێک لە ڤیدیۆکان پێدەچێت ژنەکان ئاگاداری ئەوەبن کە ڤیدیۆیان دەگیرێت، چونکە سەیری کامێرا دەکەن.
حکومەتی گینیای کەمەرەیی داوایکرد هەر ژنێک کە سێکسی لەگەڵ بێللۆ کردووە بەبێ ویستی خۆی ڤیدیۆی بڵاوکراوەتەوە، بچێت سكاڵا بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا یەک ژن سکاڵای کردووە.
ئەناتۆلۆیۆ زانگ گێما، داواکاری گشتیی باڵای گینیای کەمەرەیی رایگەیاند، پشکنینی پزیشکی بۆ بالتسار ئیبانگ دەکرێت و ئەگەر دەرکەوێت تووشی نەخۆشییەکی گوازراوەی سێکسیی بووە، بە تۆمەتی "هەڕەشە بۆ سەر تەندروستیی گشتی" دادگایی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ