رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شانبەشانی سەرۆک و سەرکردەی دەیان وڵاتی جیهان، بەشداری لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە لە باکووی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوە دەچێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆنفرانسەکەوە دەڵێت: "پابەندیی خۆمان بۆ کوردستانێکی سەوزتر و پاکتر دووپات دەکەینەوە."
هاوکات، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە روانگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە ژینگە و ئاو و هەوا یەکێکە لە پرسە سەرەکییەکانی سیاسەتی هەرێمی کوردستان."
بڕیارە سبەی دووشەممە، 11-11 تاوەکو 22-11-2024، 29یەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا ناسراو بە کۆپ 29 بەڕێوەبچێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسەکە دا دەکات و رۆژی دووشەممە لە باکووی پایتەختی ئازەربایجان دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو 15ـی مانگ لەوێ بێت.
سەرنجی کۆنفرانسە 11 رۆژییەکە لەسەر زەوینەسازییە بۆ پارەدارکردنی ئەو وڵاتەنەی داهاتیان کەمە و لاوازن، لەلایەن ئەو وڵاتانەی ئابوورییان زەبەلاحە و گازی گەرمکەر و زیانبەخش دەردەدەن.
ئامانجی سەرەکیی کۆنفرانسەکە بریتییە لە رێککەوتنێک لەنێوان لایەنەکاندا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا و رێگریکردن لە گەرمبوونی زیاتری جیهان.
لە ساڵی 2015 رێککەوتنی پاریس بە مەبەستی کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمکەر و سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانی کرا بۆ ئەوەی سنووری 1.5 تێپەڕ نەکات، ئەگەر چی ئەو پلەیەش ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ و زیانگەیاندن بە بژێویی ژیان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام ئێستا مەترسیی ئەوە هەیە کە لەم سەدەیەدا جیهان لەسەر رێڕەوی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی 2.6 تاوەکو 3.1 بڕوات.
وڵاتان بۆ ئەوەی خۆیان لە بەرزبوونەوەی ئەو 1.5 سیلیزییە بپارێزن، پێویستە دەردانی گازی گەرمکەر زۆر کەمبکەنەوە یانیش سفری بکەنەوە؛ ئینجا روو لە وزەی نوێبووەوە وەربگرن لەوانەش پانێڵی هەتاوی و وزەی با. هەروەها، دەست بە کەمکردنەوە و نەهێشتنی بەکارهێنانی وزەی بەردین لەوانەش، نەوت، خەڵووز و گاز.
پار کۆپ 28 لە ئیمارات بەڕێوەچوو، بەهەمانشێوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری تێدا کرد.
ئەوکات نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کۆنفرانسەکەوە گوتی: "دڵخۆشم کە بۆ رێوڕەسمی کردنەوەی COP28 لە دوبەیم. هەوڵی یەکگرتوو و پێکەوەکارکردنی جیهان زۆر گرنگن بۆ پاراستنی هەسارەکەمان."
لە رۆژی دووەمی کۆنفرانسەکەی پاردا، نێچیرڤان بارزانی چاوی بە ژمارەیەکی زۆری سەرکردەی وڵاتانی جیهان و ناوچەکە کەوت، لەوانەش ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ