بەربژێرێکی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئیکوادۆر کوژرا

10-08-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن ئێکوادۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەكێک لە بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئیکوادۆر لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، کوژرا.
 
گولێرمۆ لاسۆ، سەرۆکی ئیکوادۆر، ئەمڕۆ (پێنجشەممە 10ـی ئابی 2023) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (توویتەری پێشوو) رایگەیاند، فێرناندۆ ڤیڵاڤیسێنشۆ، بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە شاری کویتۆی پایتەخت، کوژرا. 
 
فێرناندۆی تەمەن 59 ساڵی یەکێک بوو لە بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئیکوادۆر، کە بڕیارە 20ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت. 
 
میدیای ئیکوادۆر باس لەوە دەکات فێرناندۆ دوای تەواوبوونی کەمپەینەکەی ویستوویەتی بچێتە نێو ئۆتۆمبێلەکەی، بەڵام پیاوێک گوللەیەکی لە سەری داوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. میدیاکان ئاماژە بەوەش دەکەن، تۆمەتبارەکە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان رووبەڕوو بووەتەوە و بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە.
 
دوای رووداوەکە، سەرۆکی ئیکوادۆر کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ بەرپرسە ئەمنییەکانی وڵاتەکە کرد و بۆ ماوەی دوو مانگ باری نائاسایی لە وڵاتەکە راگەیاند، گوتیشی "تاوانی رێکخراو زۆر پەرەیسەندووە، بەڵام سەنگی تەواوەتی یاسا لەسەریان جێبەجێ دەکرێت." 
 
سەرۆکی ئیکوادۆر، سێ رۆژ ماتەمینی لە وڵاتەکەی راگەیاند، گوتیشی "هێزە ئەمنییەکان لە تەواوی وڵات ئامادەن بۆ ئەوەی گەرەنتی ئاسایشی هاووڵاتییان بکەن."
 
فێرناندۆ بەوە ناسرابوو بەردەوام دژی گەندەڵی قسەی دەکرد و بەڵێنی دابوو، ئەگەر بە سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرێت، شەڕ دژی گەندەڵی دەستپێدەکات و باج لەسەر هاووڵاتییانی وڵاتەی کەمدەکاتەوە. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، دۆخی ئەمنیی ئیکوادۆر بەردەوام بەرەو خراپی دەچێت، بەهۆی زیادبوونی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر و شەڕی نێوان گرووپە تاوانکارییەکان. 
 
ئیکوادۆر یەکێکە لەو وڵاتانەی بە ترانزێتی کۆکاینی دروستکراو لە پیرۆ و کۆڵۆمبیاوە بۆ وڵاتانی دیکە دادەنرێت. تەنیا ساڵی رابردوو، زیاتر لە 200 تۆن لە مادەی هۆشبەر لە ئیکوادۆر دەستی بەسەردا گیراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە