رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عومان رایانگەیاند، گفتوگۆیان کردووە لەسەر داڕشتنی چوارچێوەیەک بۆ دروستکردنی رێڕەوێکی کاتی لە تەنگەی هورمز و پڕۆژەیەکی هاوبەش بۆ پاککردنەوەی ئەو رێڕەوە ئاوییە لە مین.
رۆژی سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تاران کۆبوونەوە.
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا کە لەلایەن عومانەوە بڵاوکرایەوە، هاتووە هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر "چوارچێوەیەکی قۆناخبەندی کرد کە دەبێتە بنەمایەکی کردەیی بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە."
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەم چوارچێوەیە دامەزراندنی رێڕەوێکی دەریایی کاتی و رێککەوتن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی هاوبەش بۆ پاککردنەوەی تەنگەکە لە مین دەگرێتەوە؛ هەروەها بڕیارە دانوستاندنە تەکنیکییەکان بۆ دۆزینەوەی رێڕەوێکی هەمیشەیی و میکانیزمێک بۆ گۆڕینەوەی زانیاری و بەڕێوەبردنی هاتووچۆی کەشتییەکان بەردەوام بن.
ئەم راگەیاندنەی ئێران و عومان لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە (ترووس سۆشیاڵ) دووپاتی کردەوە کە "هەموو مینەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی تەنگەی هورمزدا پاککراونەتەوە." ترەمپ هۆشداری دا و گوتی: "ئێران ئاگادارکراوەتەوە کە هەر کەشتییەک مینی نوێ دابنێت، دەسبەجێ و بە شێوەیەکی سیستماتیک لەناو دەبرێت."
تەنگەی هورمز کە پێش جەنگ یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێ، دوای سەرهەڵدانی جەنگ لە 28ـی شوباتدا هاتوچۆ تێدا پەکیکەوتووە. بەرپرسانی ئێران جەخت دەکەنەوە کە تەنگەکە بە تەواوەتی ناکرێتەوە تاوەکو ئەمریکا داواکارییەکانی تاران جێبەجێ نەکات، لەوانە هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی، لادانی سزاکانی سەر نەوت و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوە. بەڵام ئەمریکا دەڵێ، رێڕەوەکە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەودایە و کەشتییەکان دەتوانن بەکاری بێنن.
ئێران و عومان کە هەردووکیان دەکەونە سەر تەنگەکە، چەند هەفتەیەکە لە گفتوگۆدان بۆ رێکخستنی هاتوچۆی کەشتییەکان لەم ناوچە هەستیارەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.



.jpg&w=3840&q=75)