رووداو هەولێر
لە سنوورەکانی نێوان مەکسیک و ویلایەتی ئیرزۆنا لە دیوی ئەمریکاوە، چەند کۆچبەرێکی کۆڵۆمبی لە بیابانەکانی شاری یومای سەر بە ویلایەتی ئیرزۆنا درزێکیان لە سنوورەکە دۆزیوەتەوە و لەوێوە دزە دەکەنە نێو خاکی ئەمریکاوە.
فیدیل کابرێرا، کارمەندێکی پاراستنی سنووری ئەمریکایە و گوتی، "جۆرە کۆچبەرێکی جیاواز لە کۆچبەرانی ساڵانی پێشوو دەبینین. ئەم کۆچبەرانە توانای داراییان هەیە بە فڕۆکە گەشت بکەن بۆ ئەوەی بێنە شارێکی نزیک لە سنوورەکان".
پەنابەرێکی کۆڵۆمبی دەڵێت، "پەڕینەوەمان زۆر مەترسیدار بوو و خەریک بوو گیان لەدەست بدەین".
ئەو کۆچبەرە کۆڵۆمبییانە خۆیان رادەستی هێزە سنوورییەکانی ئەمریکا دەکەن، دواتریش بڕیار لە مانەوەیان دەدرێت. لە 9 مانگی رابردوودا تەنیا 11٪ ئەوانەی خۆیان رادەستکردووە، داواکاری مانەوەیان لە ئەمریکا رەتکراوەتەوە.
کۆچبەرەکان دەبرێنە سەنتەرێکی تەندرووستی بۆ پێداچوونەوەی باری تەندرووستییان. ئەمەش بە پشتبەستنە بەو یاسایەی ناوی تایتڵ 42ـە کە لە کاتی ئیدارەی ترامپ لە ساڵی 2020 بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرچوو. بەپێی ئەو یاسایە هەر کۆچبەرێک نەخوشییەکی هەبێت کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی هەبێت، دەگەڕێندرێتەوە وڵاتی خۆی. هەوڵەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە هۆکارێکە بۆ هەڵکشانی ژمارەی کۆچبەران لەم دواییەدا.
ئەماندا ئەگوایەر، بەڕێوەبەری سەنتەری پزیشکی سنووری و سیناتۆری پێشووی ئیرزۆنا دەڵێت، "ئامادەکاریی تەواومان بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای تایتڵ 42 کردووە. لە ئاستێکی زۆر باشی ئامادەیین بۆ یارمەتیدانی ئەو خێزانانەی دەیانەوێت سنوور تێپەڕێنن".
رۆژانە نزیکەی شەش هەزار کەس کە زۆربەیان خەڵکی ئەمریکای لاتینن، هەوڵی بەزاندنی سنووری ئەمریکا دەدەن. پێشبینیش دەکرێت ئەمساڵ ئەمریکا رووبەڕووی شەپۆلێکی بەهێزی قەیرانی کۆچبەران ببێتەوە.
بڕیاربوو رێکەوتی 23ـی ئایار، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا یاسای تایتڵ 42 هەڵبوەشێنێتەوە و ئومێدێک بداتە ئەو کۆچبەرانەی روو لە وڵاتەکە دەکەن، بەڵام سێ رۆژ پێش ئەو وادیە دادگەی فیدراڵیی ئەمریکا نەیهێشت بایدن یاساکە هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام ئەو هێشتا هەر سوورە لەسەر ئەوەی لابردنی ئەو یاسایە باشترین رێگەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆچبەران.

.jpg&w=3840&q=75)