رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی بە پەلەی دەرچوون و چۆڵکردنی بۆ ئەو فەرمانبەرە حکومییە ناپێویستانە و ئەندامانی خێزانەکانیان دەرکرد لە سعودیە خزمەت دەکەن.
تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پشتڕاستیکردەوە، بڕیاری چۆڵکردنەکە تەنیا بۆ کارمەندە حکومییە ناپێویستەکان و کەسوکاریان لە سعودیە دەرکراوە.
پیگۆت هۆکاری ئەم بڕیارەی گەڕاندەوە بۆ "حووسییەکانی سەر بە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو کردە دوژمنکارییەکانیان دژ بە سعودیە چڕکردووەتەوە، لەوانە هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانە سڤیلەکان و ژێرخانە هەستیار و گرنگەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، کە بەهۆیانەوە قوربانی لە نێو هاووڵاتییانی سڤیلدا کەوتووەتەوە و ئاستەنگیی گەورەی لە بەردەم گەشتە ئاسمانییەکاندا دروستکردووە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، پاراستنی سەلامەتی و ئاسایشی کارمەندانی وەزارەت و ئەندامانی خێزانەکانیان لە سەرووی هەموو کارە لەپێشینەکانی واشنتندایە، و گوتی: "بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری سەرجەم رێکارە پێویستەکان بۆ پاراستن و پشتیوانیکردنیان".
فەرمانی چۆڵکردنی کارمەندانی ئەمریکا لە سعودیە ئاماژەیەکی روونە بۆ پەرەسەندنی مەترسییە ئەمنییەکان لە ناوچەی کەنداو، بەتایبەت دوای ئەوەی گرووپی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان) بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی و درۆن کێڵگە نەوتییەکان و فڕۆکەخانە سڤیلەکان لە باشوور و نێوەڕاستی سعودیەیان کردووەتە ئامانج.
واشنتن لە کاتێکدا ئەم رێکارە دیپلۆماسییە دەگرێتەبەر پەیوەندییە ئەمنییەکانی لەگەڵ ریاز لە قۆناخێکی هەستیاردایە؛ بەتایبەت لە سایەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سنووردارکردنی هەژموونی هێزە نزیکەکانی ئێران لە کەناراوەکانی دەریای سوور و دەروازەی بابولمەندەب. چۆڵکردنی کارمەندانی دیپلۆماسی هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییە سەربازییەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بۆ بەهێزکردنی سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکان بە مەبەستی پاراستنی بنکە سەربازییەکان و هاوپەیمانەکانى ئەمریکا لە ناوچەکەدا.


