رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای شەڕی ئۆکرایناوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا، داوا لە ناتۆ دەکات بۆ راگەیاندنی ناوچەی نەفڕین لە ئۆکراینا بۆ رێگەگرتن لە بۆردوومانی فڕۆکەی رووسی، بەڵام ئەندامانی ناتۆ ئەو پێشنیازەی زێلێنسکی رەتدەکەنەوە و پێیان وایە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ناتۆ و رووسیادا.
ناوچەی نەفڕین چییە و چۆن کاردەکات؟
ناوچەی نەفڕین ئەو شوێنەیە کە فڕین بۆ چەند جۆرە فڕۆکەیەک بەسەریدا قەدەخە کراوە، ئەو ناوچانە دەکرێت باڵەخانەیەکی حکومی بێت، یاخود ناوچەیەکی پیرۆزی ئایینی بێت، بەڵام زۆرترین بەکارهێنانی بۆ جەنگە و لەدژی فڕۆکە و هێلیکۆپتەری جەنگی بەکاردێت.
پێشتر ناوچەی نەفڕین لە چەند وڵاتێکدا بەکارهێندراوە، لە ساڵی 1991 لە عێراق دوای ئەوەی سەدام حوسێن شکستیهێنا لە شەڕی کوەیتدا و ویستی بە فڕۆکە و هێلیکۆپتەر بۆردوومانی کورد لە باکوور و شیعە لە باشووری عێراق بکات، ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا بڕیاریاندا بە چەسپاندنی ناوچەی نەفڕین لە باکوور و باشووری عێراقدا، ئەوە بووە هۆی رێگریکردن لە فڕۆکەی عێراقی لە بۆردوومانکردن. ناوچەی نەفڕین تاوەکو ساڵی 2003 بەردەوامبوو.
بەهەمانشێوە لە بۆسنە و هەرسك، لەنێوان ساڵانی 1993 بۆ 1995 ناوچەی نەفڕین بە بڕیاری ناتۆ چەسپێندرا، هەروەها هاوپەیمانان لە ساڵی 2011 لە لیبیا ناوچەی نەفڕینیان چەسپاند بۆ رێگەگرتن لە موعەمەر قەزافی لە وەستاندنی خۆپێشاندەران.
لەکاتی چەسپاندنی ناوچەی نەفڕیندا هەموو ئەو هێزی دژەفڕۆکەیەی وڵاتەکە هەیەتی لەنێودەبرێت و هەر فڕۆکەیەک بە ناوچەکەدا بفڕێت دەخرێتەخوارەوە، واتە ئەگەر ناتۆ بڕیاری چەسپاندنی ناوچەی نەفڕین لە ئۆکراینا بدات، فڕۆکەی ئەمریکی دەچێت فڕۆکەی رووسی دەخاتەخوارەوە، یاخود فڕۆکەی بەریتانی فڕۆکەی رووسی دەخاتەخوارەوە، ئەمەش ئەو مەترسییانەن کە بوونەتە هۆی ئەوەی ناتۆ بڕیاری دامەزراندنی ناوچەی نەفڕین لە ئۆکراینا نەدات.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بەردەوام رۆژئاوا ئاگاداردەکاتەوە لە مەترسییەکانی دامەزراندنی ناوچەی نەفڕین و دەڵێت هەر کارێک بەو ئاراستەیەدا بە واتای بەشداریکردنی سەربازی دێت لەلایەن ئەو وڵاتەوە و دەرئەنجامی کارەساتباری دەبێت نەک تەنیا بۆ ئەوروپا، بەڵکو بۆ هەموو جیهان.
رووسیا هۆشداری ئەوەیشی داوە کە هەر وڵاتێک رێگەبدات ئۆکراینا ئاسمانەکەی لە دژی ئەوان بەکاربهێنێت، وا لێی دەڕوانن کە ئەو وڵاتە لە دژی ئەوان لەشەڕدایە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بەردەوام جەخت لە گرنگیی ناوچەی نەفڕین دەکاتەوە و نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی ناتۆ پێشنیازەکەی رەتکردووەتەوە. ئەو پێیوایە ئەوە گڵۆپی سەوزە بۆ بەردەوامبوونی بۆردوومانەکانی رووسیا لە ئۆکراینا، لە پەیامێکدا بۆ ناتۆ زێلێنسکی گوتی "هەموو ئەو کەسانەی لەمڕۆوە دەمرن بەهۆی ئێوەوە دەبێت، بەهۆی بێهێزی و پەرتەوازەییتان."


