رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تویتێکدا رایدەگەیێنێت، "ئەوان [دیموکراتەکان] دزن و بەرپرسانی شارە گەورەکانیش گەندەڵن، ئەو هەڵبژاردنەشی کە بەڕێوەچوو، هەڵبژاردنێکی دزراو بوو".
دوای چوار رۆژ لە چاوەڕوانی، جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان زۆرینەی دەنگەکانی ئەنجوومەنی هەڵبژاردنی بردەوە و بووە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، بردنەوەیەک کە هێشتا دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان دانی پێدا نانێت و دەڵێت، ساختەکاریی کراوە.
لەماوەی کەمتر لە کاژێرێکدا، دۆناڵد ترەمپ چوار تویتی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کردووە، ئاماژە بەوە دەکات، "تازە پێدەنێینە قۆناخی جیاکردنەوەی دەنگەکان... چەند کەیسێکیشمان بینیوە کە دەریدەخات ساختەکاریی لە دەنگدان کراوە".
سەرۆکی ئێستای ئەمریکا باس لەوە دەکات، مێژوویەکی دێرینیان لەگەڵ کێشەکانی هەڵبژاردن لە وڵاتەکەیان هەیە. دەشڵێت، ئەگەر کێشەیەک هەبووبێت لە پشتڕاستکردنەوەی دەنگەکان، ئەوە مانای ئەوەیە "بەجیددی" کاری کردووەتە سەر تەواوی سیستەمی هەڵبژاردن.
دوایین تویتی ترەمپ کە چەند خولەکێک لەمەوبەر کراوە، باس لەوە دەکات، بەجۆرێک ساختەکاری کراوە، کە "ئەستەمە بیهێنیتە پێشچاوی خۆت کە لەو ویلایەتانە ژمارەی دەنگەکانی بایدن ئەوانەی باراک ئۆباماشیان تێپەڕاندووە".
دۆناڵد ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان کە مەبەستی لە دیموکراتەکانە، ئەوەیان دزیوە کە پێویستیان بووە.
هێشتا دۆناڵد ترەمپ، دانی بەشکست لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا نەناوە و پێدەچێت هەوڵەکانی بۆ پەنابردنە بەر دادگای فیدراڵی و جەنگێکی یاسایی چڕتر بکاتەوە، لەپێناو تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بەکاتی هەولێر، جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە شاری دیلاوێر گوتارێکی بەبۆنەی سەرکەوتنیەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتەدا پێشکەش کرد و گوتی، "ئێمە هەموومان ئەمریکیین و کەس دوژمنی کەس نییە."
هەر لەو گردبوونەوە جەماوەرییەدا کامڵا هاریس، جێگری تازە هەڵبژێردراوی سەرۆکی ئەمریکا گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، "بایدن کەسێکە کە خەڵک یەک دەخات و دادوەری بۆ هەمووان دابین دەکەین بەتایبەتی بۆ رەشپێستەکان".
دوای بردنەوەی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی هەڵبژاردن، بایدن لە پەیامێکدا بۆ دەنگدەرانی رایگەیاند "لەناخی دڵەوە سوپاستان دەکەم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ